کاریگەریی بارانی ئەمساڵ لەسەر ئاوی ژێر زەوی لە مانگی ئایار دەردەکەوێت

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی لە پارێزگای ھەولێر ڕایگەیاند، لە سنووری پارێزگای ھەولێر ھەشت ھەزار و ٥٠٠ بیری فەرمیی و زیاتر لە شەش ھەزار بیری زێدەڕۆ ھەیە، دەشڵێت، بارانی ئەمساڵ کاریگەری ھەبووە لەسەر حەوزەکانی ژێر زەوی، بەڵام حەوزی دەشتی ھەولێر لەسەر ئاستی ھەرێم یەکەمە و کاریگەری ئەوتۆی نەبووە تا ئێستا.
نەزیر ئەسعەد، بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی لە ھەولێر، تایبهت به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە بارانی ئەمساڵ و کاریگەری لەسەر زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی دوا و گوتی: "لە ڕووی ئاوی ژێر زەویەوە پارێزگای ھەولێر بەسەر چەند حەوزێک دابەشکراون و بەکۆی گشتی ١٣ حەوز لە ھەولێر ھەیە، بەڵام حەوزی دەشتی ھەولێر بۆ ئاوی ژێر زەوی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان بە پلەی یەکەم دێت لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لە حەوزە گرینگەکان، چونکە ڕووبەری حەوزی دەشتی ھەولێر سێ ھەزار و ٢٠٠ کم دەبێت، بارانی ئەمساڵ کاریگەریەکی ئەوتۆی نەبووە لەسەر حەوزی ھەولێر، چونکە تایبەتمەندی جیاوازە لە حەوزەکانی دیکەی ناوچەی شاخاوی و بەھۆی سروشتی ناوچەکە و ھەبوونی درزی زۆر لە چیاکان ئاوێکی زیاتر تێدا کۆدەبێتەوە، لە کۆتایی مانگی ئایار بۆمان دەردەکەوێت کاریگەریی بارانی ئەمساڵ چەندە لەسەر حەوزی ھەولێر".
بەڕێوەبەری ئاوی ژێر زەوی لە ھەولێر گوتیشی: "چوار شەپۆڵی گەورەی بارانی ئەمساڵ ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەتایبەتی ئەو بارانەی ڕۆژانی ڕابردوو باری شتێکی باشبوو، ھۆکاری کەم بوونەوەی ئاوی ژێر زەوی لە ھەولێر زۆرن لەوانەش ھەڵکەندنی ڕێژەیەکی زۆری زەوی و لێدانی بیری پاییل کە بە بیری سووری ناسراوە، تەنیا ساڵی پار دەست بەسەر ٣٠٠ ئامێری ھەڵکەندنی بیردا گریراوە و لەناو براون".
نەزیر ئەسعەد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "لە پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر لە ١٠ ھەزار بیری فەرمیی ھەیە، تەنیا لە پارێزگای ھەولێر جگە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ھەشت ھەزار و ٥٠٠ بیری ئاو ھەیە بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ و پیشەسازی، ھەرچەندە ئامێرێکی فەرمیی نیە، بەڵام دەتوانم بڵێم زیاتر لە شەش ھەزار بیری زێدەڕۆ ھەیە".
ناوبراو گوتیشی: "گۆڕانکاریی بەسەر کەش و ھەوادا ھاتووە و کەتووەتە قۆناغێکی دژوار، لەبەر ئەوەی باران یان نایەت یانیش لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ڕێژەیەکی زۆر باران دەبارێت کە بۆ یەکەم جارە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا پێنج کەس لە کەرکووک و ھەولێر بە ھەورە بروسکە گیان لەدەست بدەن، ئەوەش نیشانەی گۆڕانکاریە لە کەش و ھەوادا، ئەمساڵ وەک ڕێژە بارانێکی زۆر باریووە ئەگەر چەند ساڵێک بەردەوامبێت ئەوە ئاستی ئاوی ژێر زەوی دەگەڕێتەوە ڕەوشی پێشوو، ھەروەھا ئاستی ئاوی ژێر زەوی زیاد دەبێت و حەوزەکانی ئێمە تایبەتمەندیەکی دیکەی ھەیە ئەگەر باران و بەفرێکی زۆر ببارێت ئەوە خۆیان نوێدەکەنەوە".
قائید میرۆ




