٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.ڤیان سەبری لە نێوان ھەولێر و بەغدا لێکتێگەیشتنی باش لەسەر مووچەو بودجە ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت:  ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ئیجابین و لێکتێگەیشتنی باش ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن لەبارەی کێشەکان بگەنە ڕێککەوتن.

د.ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە کۆتایی ٢٠٢٣دا سەردانی بەغدای کرد و لێکتێگەیشتن لەنێوان سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دروست بوو و دواتریش سەردانی ئەمەریکای کرد، دوای ئەوەش  لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق دروست بوو و پێش جەژن دوو مووچە درا، ئێستاش بڕیارە مووچەی دیکە بدرێت، ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت بۆ تیمی حکومەت ئەوەیە بابەتی داھاتی نانەوتیش لە چوارچێوەی سەردان و گفتوگۆی نێوان ھەردوو حکومەت یەکلایی بکرێتەوە.


د.ڤیان سەبری گوتیشی، گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق چوونەتە قۆناغێکی تازەوە و ئیجابین و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەشداری لە دوو کۆبوونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت کردووە و دەمانەوێت زۆربەی کێشەکان بە گفتوگۆ چارە بکرێن. کۆمەڵێک پرس لەناو ئیئتیلافی دەوڵەت گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، لەوانە ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کە مافی سوونەیە، لەو بابەتە گرینگە سوونەکان خۆیان بگەنە ڕێککەوتن و ئالیەتێک دابنرێت ئینجا پەیڕەوی ناوخۆ ھەموار بکرێتەوە یاخود خۆیان کاندیدێک دیاری بکەن، بۆیە چاوەڕێی سوونە دەکەین بگەنە ڕێککەوتن ئەو کات کێشەی دیاریکردنی سەرۆکی تازەی پەرلەمان نامینێت، ھەر ئالیەتێکیش دابنێن ئێمە پشتگیریان دەکەین.

د.ڤیان سەبری گوتیشی: بڕیارە لە ٩/٥ پشووی یاسادانان دەست پێ بکات، ئەگەر خشتەی بودجە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بۆ ھەموارکردنەوە بگات پشوو درێژ دەکرێتەوە، ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی بودجە ھەموار بکرێتەوە، بۆیە دەکرێت لە ماوەی پشووی پەرلەمان کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام بدرێت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان ئەگەر سوونە بگەنە ڕێککەوتن یاخود بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی خشتەکانی بودجە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕوونیشی کردەوە: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقیش بەتایبەت سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان ھەبێت، بۆیە لێکتێگەیشتنی باش لەسەر بودجە و مووچە ھەیە، بۆیە ھەردوو حکوومەت ھەوڵ دەدەن ھەنگاو بنێن بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن، کێشەکانیش زیاتر تەکنیکین و زۆر جار کە دەچنە ناو وردەکارییەکان بۆ ئەوەی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە کاتی پێویستە، نیەتی باش ھەیە بۆ ئەوەی کێشەکان چارە بکرێن، ناشکرێت ھەموو مانگێک بەتایبەت بۆ مووچە وەزارەتی دارایی کێشەی تەکنیکی دروست بکات، پێویستە کۆتایی بەو کێشە تەکنیکییانە بێت و چیتر گرفت دروست نەکرێت.


بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار