بە بۆنەی ١ی ئایار مەکتەبی سیاسی پارتی پیرۆزبایی لە کرێکاران دەکات

ھەولێر-KDP.info- بە بۆنەی (١ی ئایار) جەژنی جیھانی کرێکاران، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کرێکارانی کوردستان و جیھان دەکات، ھاوکات مەکتەبی سیاسی پارتی پشتیوانی خۆشی بۆ کرێکاران و سەندیکای کرێکارانی کوردستان دووپاتکردەوە.
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
بە بۆنەی (١ی ئایار) جەژنی جیھانی کرێکاران، پیرۆزباییەکی گەرم لە سەرجەم کرێکارانی کوردستان و جیھان دەکەین.
بە درێژایی مێژووی خەبات و شۆڕشی گەلانی ئازادیخواز نکوڵی لە پێگە و تێکۆشان و ڕۆڵی چینی کرێکاران ناکرێ، کە گرنگی و کاریگەری خۆی ھەبووە لە گۆڕانکاری و بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگا و وڵاتان و ئەو دەستکەوتانەی بەدەست ھاتوون، ھەروەھا لە ڕووی بیناکردن و ئاوەدانکاریدا ھەمان بایەخ و کاریگەریان ھەیە و لەو رێگایەشدا قوربانی زۆریان داوە.
بەو بۆنەیەوە و لەو دەرفەتەدا ڕۆڵی بونیادنەرانەی کرێکارانی کوردستان بەرز دەنرخێنین و پشتیوانی خۆمان بۆ داوا و خواستە پیشەییەکانیان دووپات دەکەینەوە بۆ دەستەبەرکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە و خۆشگوزەران بۆ کرێکاران و خانەوادەکانیان، ھەروەھا پاڵپشتی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەکەین لە پلان و ھەنگاوەکانی کە وەکو ڕێکخراوێکی پیشەیی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی کرێکاران دەکات، ھیوادارین بە ھەموو لایەک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکەمان ھەوڵی زیاتر بدەین بۆ بووژانەوە و بونیادنان و بەرەو پێشبردنی زیاتری وڵاتەکەمان.
جارێکی دیکە (١ی ئایار) جەژنی جیھانی کرێکاران لە تێکڕای کرێکارانی کوردستان پیرۆز بێت و، ھەر سەرکەوتووبن.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١ی ئایاری ٢٠٢٤




