ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا

ھەولێر-KDP.info- لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە ڕێگەی دانوستان لەسەر بنەمای دەستوور.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024) لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.
پاشان لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە ڕێگەی دانوستان و لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها برەودان بە هاوئاهەنگیی و هاریکاری هاوبەش لە بواری پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بارزگانی و وەبەرهێناندا.




