لیژنەیەکی بەغدا گەیشتووەتە ھەرێم بۆ دیارکردنی پشکی گەنمی ئەمساڵ
__2024_04_21_h15m35s57__ER.jpg)
ھەولێر _KDP.info_ بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، لیژنەیەکی بەغدا بە مەبەستی دیارکردنی پشکی گەنمی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ گەیشتووەتە ھەرێم و ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوە لەنێوان کشتوکاڵی ھەرێم و فیدڕاڵ بەڕێوەچووە، دەشڵێ: ئەمساڵ رێژەی وەرگرتنی گەنم لە ساڵی رابردوو زیاتر دەبێت.
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لیژنەیەک لە وەزارەتی کشتوکاڵی بەغدا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە بە مەبەستی دیارکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بەرھەمی گەنمی ئەمساڵ، چونکە ساڵی ڕابردوو لەسەر ئەوە ڕێککەوتبووین لیژنەیەکی ھاوبەش ھەبێت بۆ دیارکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوە لەنێوان ئێمە وەک وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم و شاندی وەزارەتی کشتوکاڵی فیدڕاڵ بەڕێوەچوو، لیژنەکەی بەغدا سەردانی ھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەکات.
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت: ساڵی ڕابردوو دانوستانی زۆر لەنێوان ئێمە و بەغدا کرا لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان، ئەوان تەنیا ٥٠٠ ھەزار تۆن گەنمی جووتیارانیان وەرگرت، ئەمساڵ ئێمە ئامادەکاریمان کردووە و لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان ڕووپێوێکی زەوی داچێندراو بە گەنممان کردووە.
کەریم سلێمان ڕوونیکردەوە: لەگەڵ ئەو لیژنەیەی بەغدا دوای بەدواچوون لەسەر ڕووبەری داچێندراو بە گەنم و ڕێژەی چەندێتی بەرھەمھێنان، واتە پشکی ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای زەوی داچێندراو بەرھەمھێنانی گەنم دیاری دەکرێت بۆ ھەر دۆنمێک چەند گەنم بەرھەم دێت، ئێمە گەشبینین ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی بەرھەمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی رابردوو زیاتر دەبێت.
قائید میرۆ




