مەکتەبی سیاسی پارتی: پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان و سەرۆک بارزانی دووپات دەکەینەوە

ھەولێر-KDP.info- بە بۆنەی جەژنی سەری ساڵی نوێی ئایینی ئێزدی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی خوشک و برایانی کوردی ئێزدی کرد.
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان…
بە بۆنەی ھاتنەوەی جەژنی سەری ساڵی نوێی خوشک و برایانی کوردی ئێزدی گەرمترین پیرۆزبایی لە میر و کەسایەتی و شێخانی ئێزدی و ئەنجوومەنی ڕووحانی ئایینی ئێزدی و سەرجەم ئێزدیانی کوردستان و جیھان دەکەین و، ھیواخوازین ئەو جەژنە بە خۆشی و ئارامی و ئاسودەیی بەسەربەرن.
لەم بۆنەیەدا جەخت لەسەر پاراستن و بەھێزترکردنی کولتووری پێکەوەژیان و برایەتی نێوان سەرجەم پێکھاتە ئایینی و ئایینزا و نەتەوەییەکانی کوردستان دەکەینەوە لە پێناو خۆشگوزەرانی ھاووڵاتیان و ئایندەیەکی ڕۆشنتر و دەستکەوتی زیاتر بۆ وڵاتەکەمان.
ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک ھەمیشە پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان و سەرۆک بارزانی بۆ خواست و ویستی ڕەوای خوشک و برایانی کوردی ئێزدی دووپات دەکەینەوە لە چارەسەرکردنی یەکجارەکی کێشەی شنگال بەتایبەتی و ئەو ناوچە و شوێنانەی دەوروبەری بە گشتی و ئاوەدانکردنەوەیان و، قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی زیانلێکەوتووان و دووبارە نەبوونەوەی نەھامەتییەکان و، دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاشتەوایی و خۆشگوزەرانی بۆیان.
جارێکی دیکە جەژنی سەری ساڵی نوێی ئایینی ئێزدی پیرۆز دەکەین و ئومێدی بەختەوەری و شادی بۆ ھەموو لایەک دەخوازین.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٧ی نیسانی ٢٠٢٤




