بڕیارەکانی حکوومەت بازاڕی بوژاندووەتەوە

ھەولێر _KDP.info_ سەرۆکی ژۆری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، گرژیەکانی ناوچەکە ھیچ کاریگەریەکی ئەوتوی لەسەر جووڵەی بازرگانی نەبووە لەھەرێمی کوردستان و دەشڵێ، بڕیارەکانی حکوومەت کاریگەری کردووتە سەر بازاڕ و جووڵەیەکی بەھێزی بازرگانی پەیدابووە.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژۆری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر بەمالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" رەوشی ناوچەکە ھیچ کاریگەریەکی لەسەر جووڵەی بازرگانی لەھەرێمی کوردستان نەبوە، راستە شەڕۆ ئالۆزی لەھەر وڵاتێک ھەبێت کاریگەری راستەوخۆی لەسەر رەوشی ئابووری و بازرگانی دەبێت و ناوچەکەش دەگرێتەوە، بەڵام گرژیەکانی چەند رۆژی رابردووی نێوان ئێران و ئیسرائیل کاریگەریان نەبووە لەسەر کەرتی بازرگانی و لە ئێستادا جووڵەی بازرگانی لەھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت و لەگەل ھەموو وڵاتانیش جووڵەی بازرگانیمان ھەیە.
سەرۆکی ژۆری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر گوتی" بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەم کردنەوەی رسوماتەکان و لێخۆشبوونی کرێی زۆربەی کەرتەکان کاریگەری ھەبوە لەسەر جووڵەی بازرگانی، ئەو جووڵە بازرگانیەی ئێستا ھەیە بەراورد ناکرێت لەگەڵ مانگەکانی پێشتر، بەتایبەتی دابەش کردنی دوو مووچە و ئەو بڕیارانەی مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان، دەری کردوون جووڵەیەکی بەھێزی پەیداکردوە.
گەیلان حاجی سەعید ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" بەھۆی جووڵەی بازاڕەوە بازرگانەکانی ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا خەریکی ھاوردەکردنی کالان لە وڵاتانی جیھان، چونکە بازاڕیان بە ئاراستەیەکە ئێمە گەشبینین لە داھاتوودا بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھێشتا کاریگەری زیاتریان دەبێت لەسەر جووڵەی بازاڕ و پێشبینی دەکەین بازاڕی ھەرێمی کوردستان بوژانەوەیەکی بەرچاوتریش بەخۆیەوە ببینێ.
قائید میرۆ




