ئەنجوومەنی نوێنەران بەبێ كوردستانی و عێراقییە دانیشتنەكانی دەستپێدەكاتەوە
بڕیارە سبەینێ 26-3 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەست بە دانیشتنەكانی بكاتەوە بەمەبەستی دەنگدان لەسەر چەند پڕۆژە یاسایەك، لەلایەن خۆشیانەوە هاوپەیمانی كوردستانی و ئیئتیلافی عێراقییە دووپاتیدەكەنەوە كە بایكۆتی دانیشتنەكە دەكەن.
مەحما خەلیل ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستانی بە PUKmedia ی راگەیاند: پەرلەمانتارە كوردەكان ئامادەی دانیشتنەكەی سبەێنێی ئەنجوومەنی نوێنەران نابن، ئاماژەی بەوەشدا كە تائێستا هەڵوێستی كۆتایی هەرێمی كوردستان روون نییەو وادەی سێیەمین كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە هەردوو ئەنجوومەنی وەیزان و نوێنەرانی عێراق دیاری نەكراوە.
لەلایەن خۆشییەوە پەرلەمانتار محەمەد خالیدی لە ئیئتیلافی عیراقییە بە PUKmedia ی راگەیاند: بەردەوامبوونی ناكۆكی نێوان فراكسیۆنەكان رەنگە رێگر بێت لەبەردەم بەستنی دانیشتنەكەی رۆژی سێ شەممە.
وتیشی: بایكۆتی دانیشتنەكەی سبەینێ دەكەین و تەنیا لە یەك حاڵەتدا ئامادە دەبین، ئەگەرهاتوو لە دانیشتنەكەدا داواكاری خۆپیشاندەران بخرێتەڕوو.




