د. ڤیان بۆ KDP: کار دەکەین دوای جەژن یاسایی بوودجەش ھەموار بکرێتەوە
بەغدا-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپەرلەمانی عێراق گوتی، دوای ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ناردنی مووچەی مانگانە لەکاتی خۆی، پێویستە کار لەسەر ئەوە بکەین یاسایی بوودجە ھەموار بکرێتەوە و مووچەی فەرمانبەران لە ئینفاقی فعلی جیابکرێتەوە و بخرێتە سەر بوودجەی حاکیمە.
دکتۆرە ڤیان سەبری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەکاتی خۆی بگاتە دەستی فەرمانبەران، بۆیە ئێمە زۆر دڵخۆشین بە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێم و بەغدا، ڕێککەوتنەکە دڵخۆشکەرە و ئیرادەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دیار بوو کە کێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بکات، ھاوکات مووچەی مانگی دوو دابەشکراوە و مووچەی مانگی سێش وا دابەش دەکرێت، بۆیە پێویستە یاسایی بوودجەی گشتی عێراق ھەموار بکرێتەوە لەبەر ئەوەی بوودجەکە بۆ سێ ساڵە، بۆیە پێویستە مووچەی فەرمانبەران لە ئینفاقی فعلی جیابکرێتەوە و بخرێتە سەر بوودجەی حاکیمە و لەپەرلەمانیش پەسەند بکرێت و پێویستە دوای جەژنی ڕەمەزانیش یاسایی بوودجە ھەموار بکرێتەوە".
دکتۆرە ڤیان سەبری گوتیشی: "پڕۆسەی ناردنی مووچە لەبەغدا زۆر رێکاری پێویستە تاوەکو دەگاتە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئەگەر یاسایی بوودجە ھەموار بکرێتەوە ئەوکات کێشەی ناردنی مووچە نامێنێت، بۆیە پێویستە سەرجەم فراکسیۆنەکان بەتایبەت فراکسیۆنە کوردیەکان پاڵپشتی لەوە بکەن بۆ ئەوەی یاسایی بوودجە ھەمواربکرێتەوە و مووچەی مانگانە لە کاتی خۆی ڕەوانە بکرێت بەبێ دواکەوتن بۆ ئەوەی ھیچ گرفتێکی بۆ دروست نەکرێت".
سەبری باسی لەوەشکرد: "ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان پشتگیری لەو ڕێککەوتنەی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا دەکەین بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران لەکاتی خۆی ڕەوانە بکرێت، بۆیە دوای ئەمە پێویستە پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسایی بوودجە ھاتووە بەتەواوی ڕەوانە بکرێت، چونکە لە یاسایی بوودجە ئاماژەی پێکراوە و مافی ئێمە تەنھا مووچە نیە، بەڵام ئەولەویەت بۆ مووچەیە، بۆیە چاوەڕێی خشتەکانی ناو بوودجە دەکەین تاوەکو حکوومەت بۆ ئێمەی ڕەوانە بکات بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت ئەوەش بەھەماھەنگی دەبێت لەنێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق".
ناوبراو دەشڵێت: "سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەین کە متمانەیان بەسەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەت ھەبوو، ھەروەھا پشوو درێژبوون و دەیانزانی ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت و کێشەکەش چارەسەرکرا، بۆیە ئەوەی لە توانای ئێمەدا بێت لە خزمەت ھاووڵاتیان دەبین و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەین".
بڵند ئیبراھیم




