بنەماڵەی ئۆجەلان سوپاسی سەركردایەتیی سیاسیی كورد لە هەرێمی كوردستان دەكەن

نەورۆزی ئەمساڵی دیاربەكر جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بوو. ئەمساڵ نوێنەری زۆربەی حزبە كوردییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان ئامادەی ئەو ڕێوڕەسمە بوون كە تێیدا پەیامی سەرۆكی بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان عەبدوڵڵا ئۆجەلان خوێندرایەوە.
پەیامەكەی ئۆجەلان بە ئامادەبوونی دەیان هەزار كورد خوێندرایەوە. ئەو داوای لە پارتەكەی كرد كە ئاگربەست ڕابگەیەنن و لە ناوچەكانی كوردستانی توركیا بكشێنەوە.
ئێستا بارەگا سەرەكییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان – پەكەكە – لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانی عێراقە. دوای پەیامەكەی ئۆجەلان، سەرۆكی كۆنسەی سەرۆكایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان موراد قەرەییڵان لە ڤیدیۆیەكی تۆماركراودا، ئاگربەستەكەی ڕاگەیاند.
ئەو قۆناغە لە چارەی ئاشتیانەی پرسی كورد لە توركیا، دوای چەند كۆبوونەوەیەكی نێوان پەرلەمانتارە كوردەكان و بەرپرسانی حكوومەتی ئەنكارا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا هاتە دی. كۆبوونەوەكان دوولایەنە بوون.
ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان
عوسمان ئۆجەلان كە پێشتر ئەندامی سەركردایەتیی پەكەكە بوو، بە پێویستی دەزانێت هەموو كوردێك پشتگیری لە پەیامەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بكات و ئەوانەی جێبەجێكردنی پەیامەكەیان لەسەرە، پێیەوە پابەند بن.
ئەو كە برای عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، ئێستا دانیشتووی شاری كۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێرە.
ئەو دەڵێ "چارەكردنی پرسی كورد لە توركیا وەكو ئەوەی كە بەشی گەورەی كوردستان لەوێدایە، كاریگەری لەسەر هەموو پارچەكانی دیكەیش دەبێت. پارێزەرێكی باشیش دەبێت بۆ ئەو ئەزموونەی ئێستای هەرێمی كوردستان و ئەو ئۆتۆنۆمییەی كە هەیەتی."
عوسمان ئۆجەلان پێی وایە هەنگاوەكەی ئێستا دەبووایە دە ساڵ لەمەوبەر بنرابووایە.
ئەو پرسی ئازادیی كورد و ئازادیی ئۆجەلانی بە دوو رووی یەك دراو ناو برد لە چارەكردنی پرسی كورد لە توركیادا. عوسمان ئۆجەلان دەڵێ "لە كۆتایی ئەمساڵ یان لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا ئۆجەلان لە ئیمراڵییەوە دەگوازرێتەوە شوێنێكی دیكە لە توركیا و رەنگە 3 تاكو 4 ساڵی دیكەی بە شێوەیەكی تەواو ئۆجەلان ئازاد بكرێت."
سوپاسێك لە لایەن بنەماڵەی ئۆجەلانەوە
چارەی ئاشتیانەی پرسی كورد لە توركیادا خاڵێكی هەمیشەیی لە گفتوگۆی نێوان حكوومەتی توركیا و سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا بووە.
بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان، حكوومەتی ئەنكارا و بە تایبەت سەرۆكوەزیرانەكەی رەجەب تەییب ئەردۆغانی هان دا هەنگاوەكان خێراتر بكات. لە بەرانبەریشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی ئەو هەنگاوانەی ئەردۆغانی بە "بوێرانە" ناو هێنا.
ساڵی ڕابردوو سەرۆك بارزانی لە كۆنگرەی پارتی داد و گەشەپێداندا داوای لە هەموو هێزێكی كوردی كرد لە توندوتیژی و خوێنڕشتن دوور بكەونەوە.
بارزانی گوتی "بۆ كۆتاییهێنان بە خوێنڕشتن و توندوتیژی، ئێمە ئامادەی هەموو پشتیوانییەكی سیاسەتی بەڕێز ئەردۆغانین و هیواداریشین كە هەرچی زووتر ئەم كێشەیە كۆتایی پێ بێت. رێگەی ئاشتی و رێگەی برایەتی و رێگەی لێكتێگەییشتن، تەنیا رێگەیە بۆ چارەسەری هەموو كێشەكان."
عوسمان ئۆجەلان رۆڵی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و جەلال تاڵەبانی لە چارەكردنی ئاشتیانەی پرسی كورد لە توركیا بەرز نرخاند و بە ناوی پارتی كرێكارانی كوردستان و بنەماڵەی ئۆجەلانیشەوە، سوپاسی سەركردایەتیی سیاسیی كوردی كرد لە هەوڵەكانیان بۆ چارەكردنی ئەو پرسەدا.
ئەمە بۆچوونی قادر وریا ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی دیموكراتی كوردستانیشە. ئەو كە لە ڕێوڕەسمی ئەمساڵی ئەورۆزی دیاربەكردا ئامادە بوو، پێی وایە ئەو ڕێڕەوەی بۆ چارەكردنی ئاشتیانەی پرسی كورد لە توركیادا گیراوەتە بەر، ڕوون و ئاشكرایە.
قادر وریا ڕۆڵی سەركردایەتیی سیاسیی كورد لە هەرێمی كوردستان و بە تایبەت سەرۆك بارزانی لە بەرەوپێشچوونی ڕەوتی چارەكە، بەرز دەنرخێنێت.
ئەو دەڵێ "ڕۆڵی سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان لەو مەسەلەیەدا دیارە، بەڵام دەبێ توركیایش تێبگات كە ئەگەر خوازیاری پێگەیەكی بەهێزە لە ناوچەكەدا، دەبێ ڕۆڵی كورد لەو هاوسەنگییەدا بە گرنگ بزانێت."




