د.پشتیوان سادق: داھاتووی کوردستان زۆر گەش و ڕووناکە
__2024_03_31_h19m19s17__HK.jpg)
ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە دیدارێکدا دکتۆر پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی دیاری شاری ھەولێر کۆبووەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٣١ی٣ی٢٠٢٤، بەسەرپەرشتی دکتۆر پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر و بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر و چیا ھەرکی یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەب و بڵند ئیسماعیڵ بەرپرسی لقی٢، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی دیاری شاری ھەولێر بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان سادق باسی لە ڕۆڵ و گرنگی و کاریگەری مەزنی شاری ھەولێر، لە ھەموو کات و سات و ھەلومەرج و بارودۆخێکدا کرد.
لە تەوەرێکی تری قسەکاندا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر، ئاماژەی بەوەکرد کە ھەرێمی کوردستان، لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆتە سیمبوڵی پێکەوەژیانی سەرجەم پێکھاتە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان، ھەروەھا کەشێکی زۆر ھێمن و ئارام و سەقامگیر لە کوردستان بۆ ھەمووان فەراھەم کراوە، کە ئەمەش یەکێکە لە خاڵە گرنگەکانی «ڕێبازی پیرۆزی بارزانی».
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان سادق ڕایگەیاند لە بەغدا بە نایاسایی و نادەستووری چەندین بڕیارییان لە دژی ھەرێمی کوردستان و ھاووڵاتیان و مووچەخۆران داوە، ھەروەھا بە بڕیارێکی سیاسی مافی پێکھاتەکانیان زەوتکردووە، بەڵام پێکھاتەکانی کوردستان، لە سایەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێگەیەکی زۆر باشیان لە ناوەندەکانی بڕیار ھەیە.
لە تەوەرێکی تری پەیڤەکەیدا بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر، ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ڕێبەر و سەرکردەمان جەنابی (سەرۆک بارزانی) بێت، قەوارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان ھەر بە بەھێزی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی دەمێنێتەوە، داھاتووی کوردستانیش زۆر گەش و ڕووناکە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر پشتیوان وەڵامی سەرجەم ڕا و سەرنج و پێشنیارەکانی ئامادەبووانی دایەوە.

__2024_03_31_h19m17s5__HK.jpg)



