٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پسپۆرێکی مێژووی عێراق: کۆڕەو ڕەتکردنەوەی زوڵم و ستەم بوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٣٣ ساڵ بەسەر کۆچی ملیۆنی خەڵکی کوردستان تێدەپەڕێت و مامۆستایەکی زانکۆش پێی وایە، کۆچی ملیۆنی ڕەتکردنەوەی زوڵم و ستەمی رژێمی بەعس بووە لەلایەن خەڵکی کوردستان و بەرھەمی کۆڕەوی ملیۆنیش دەرکردنی بڕیاری ٦٨٨ بوو.

دکتۆر شوان خۆشناو، پسپۆر لە مێژووی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ بۆ بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەمی رژێمی بەعسی لەناوچوو بوو، کە لەماوەی حوکمڕانی بەعسدا گەلی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە زوڵم و ستەمێکی زۆریان چەشت و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و چەندین کارەسات بەسەر گەلی کورددا ھاتن کە لە مێژووی مرۆڤایەتی کەم وێنەبوون، چونکە دوای پیلانگێری جەزائیر حکوومەتی ئەوکاتی عێراق تا کۆڕەوی ملیۆنی کەوتە ئەنجامدانی وێرانکردنی کوردستان و پڕۆسەی ئەنفال و کیمیاباران و زیندەبەچاڵکردنی ھاووڵاتیانی سڤیل دەستی پێکرد".

ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتیشی: "دواجار بەھۆی ھاوسۆزیی مرۆڤانە و لەژێر فشاری گەلانی ئازادیخوازی دنیادا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاتە سەر خەت و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیسانی ساڵی ۱۹۹۱دا چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانە، نابێ بە چەک ھێرش بکرێتە سەر کوردستان و بڕیاری (٦٨٨) درا بە مەبەستی دابینکردنی ناوچەیەکی ئارام و دژەفڕین لە سەرووی ھێڵی ۳٦ و دانانی بنکەی ھێزی چەکووشیی ئامادە لە تورکیا لە بنکەی ئینجەرلیک بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە سەرکوتکردنەوەیان لەلایەن حکوومەتەوە، ئیتر ئەم بڕیارە نێودەوڵەتییانە کە بەرھەمی خەبات و خوێنی شەھیدان بوو، پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار