ئەم هەفتەیە سەرۆكـــی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان راپۆرتی خۆیان بـــــــە سەرۆكی هەرێم دەدەن
__2013_03_18_h13m21s17__GH.jpg)
ئامادهكردن: هێمن بابان ڕەحیم
وا بڕیارە ئەو لیژنەیەی لە سەرۆكی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێك هاتووە، ئەم هەفتەیە راپۆرتی خۆی لەسەر كێشەكانی هەرێم و ناوەند و رێگەچارەكانیش بدات بە سەرۆكی هەرێم و پاشان لەسەر رۆشنایی راپۆرتەكە كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم و نوێنەرانی كورد ساز بدرێت و كورد هەڵوێستی كۆتایی خۆی لەسەر حكوومەتی عێراق رابگەیەنێت.
لیژنەیەك لە سەرۆكی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ نووسینەوەی راپۆرتێك پێك هێنراوە
ئەندامی لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بورهان محەممەد ئاشكرای دەكات دوای ئەوەی راپۆرتێك لە لایەن نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەدرێتە سەرۆكی هەرێم، پاشان كورد بڕیاری خۆی لەسەر كشانەوە یان مانەوە لە حكوومەتەكەی مالیكی دەدات. لەم بارەیەوە لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ هەولێر رایگەیاند "لە ئێستادا لیژنەیەك لە سەرۆكی فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێك هێنراوە بۆ داڕشتنی راپۆرتێك لەسەر كێشەكانی كورد لە عێراق و بە تایبەت لەگەڵ حكوومەت لە بەغدا و چەندین پرسی تر، سەرجەم كێشەكان و رێگەچارەی گونجاویان بۆ دەستنیشان دەكرێت و دواتریش راپۆرتەكە دەدرێتە سەرۆكی هەرێم."
بورهان محەممەد ئەوەیشی خستە ڕوو كە وا بڕیارە لەم هەفتەیەدا لیژنەكە راپۆرتی خۆی بدات بە سەرۆكی هەرێم و گوتیشی "پاش پێدانی راپۆرتەكە بە سەرۆكی هەرێم، ئیتر كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێم و نوێنەرانی كورد لە بەغدا بەڕێوە دەچێت و دواتریش كورد بڕیاری یەكلاكەرەوەی خۆی دەدات و هەڵوێستی خۆی لەمەڕ حكوومەتەكەی مالیكی روون دەكاتەوە."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەیشی راگەیاند كە لە ئێستادا هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی بڕەپارەی كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكانی هەرێم چارەسەر بكرێت لە رێگەی هاوپێچێك كە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت.
بە هۆی تۆمەتباریكردنی مالیكی بە "تاكڕۆیی و پەراوێزخستنی هاوپەیمانەكان" سێشەممەی رابردوو سەدرییەكان كە شەش وەزارەتیان لە كابینەی ئێستای حكوومەتی عێراق هەیە، ئامادەبوونیان لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران هەڵپەسارد لە پاش هەڵپەساردنی وەزیرەكانی عێراقییە پێش زیاتر لە مانگێك كە 8 وەزیر و وەزیرە كوردەكانیش كە 4 وەزیری هەیە، بەو پێیە لە ئێستادا 18 وەزیر لە كۆی 29 وەزیری كابینەی ئێستا ئەندامێتیی خۆیان هەڵپەساردووە و بەمەیش كۆبوونەوەكان نیسابی یاساییان لە دەست داوە.
پەرلەمانتاری رەوتی سەدری موشریق ناجی لە لێدوانێكدا بۆ هەولێر گوتی "بە هۆی سیاسەتە بێسەروبەرەكانی مالیكییەوە عێراق لە خراپترین دۆخەكانیدایە و تا دێت وڵات لە دابەشبوون نزیك دەبێتەوە و ئەگەری شەڕی تایفییش دوور نییە." ناجی روونیشی كردەوە "دەبێت بە زووترین كات عێراقییە و كورد و لایەنە میانڕۆكانی شیعە كار بۆ فریاكەوتنی دۆخی عێراق بكەین و كەسێكی دیكە بۆ شوێنەكەی مالیكی بدۆزینەوە."
هاوپەیمانیی كوردستانی: ناگەڕێینەوە بەغدا تا سەركردایەتی بڕیار دەدات
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانیی كوردستانی د. ڕەوەز مەهدی خۆشناو لە بارەی ئەو كۆبوونەوەیەی وا بڕیارە سەرۆكی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە بەغدا بیكات، گوتی "چەند رۆژێكی تر دەكرێت و دوا كۆبوونەوەیش نابێت." لە بارەی گەڕانەوەی نوێنەرانی كوردیش بۆ بەغدا رەتی كردەوە بگەڕێنەوە و ئاشكرای كرد "نە وەزیر و نە پەرلەمانتارەكان ناگەڕێینەوە بۆ بەغدا تا سەركردایەتیی كورد بڕیار نەدەن كە وا بڕیارە لە كۆبوونەوەیەكی سەرۆكی هەرێم و نوێنەرەكانی كورد بدرێت."
سیاسەتەكانی سەرۆكی حكوومەتی عێراق نووری مالیكی دوو لە سێ كوچكەی هاوپەیمانێتیی دامەزراندنی حكوومەتەكەی كە بەپێی رێككەوتننامەی هەولێر لە كۆتایی 2010 پێك هێنرا، لە دەست داوە. ئەمە جگە لە لێكترازانی ئەوەی بە ماڵی شیعی دەناسرێت پاش تۆمەتباركردنی مالیكی لە لایەن رەوتی سەدرییەوە بەوەی "بۆ حوكمكردنی عێراق ناشێت."
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان فازڵ میرانی هاوپەیمانێتیی كورد و شیعەی بە هاوپەیمانێتیی نیشتمانی ناو برد و گوتی كە هاوپەیمانیی كورد و عەرەبە نەك بە تەنیا كورد و شیعە. میرانی ڕوونیشی كردەوە كە ئەو هاوپەیمانێتییە بە تەنیا بە دەسەڵاتدار یان وەزارەتێكەوە پەیوەست نییە. گوتیشی "عێراق چیی دیكە تەحەمولی حكوومەتی یەك تایفە یان حزب یان یەك دەستەڵاتدار ناكات." میرانی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند "هەموو ئەگەرەكان لە بەردەم كورد لە حكوومەتی عێراق بە كراوەیی دەمێنێتەوە." گوتیشی "چاودێریی دۆخەكە دەكەین و پاشتر بڕیاری خۆمان دەدەین."
تاریق هاشمی: لە 2006 ویستمان مالیكی لەسەر كار لابدەین ئەمەریكا نەیهێشت
جێگری سەرۆككۆماری عێراق تاریق هاشمی كە پاش تۆمەتباركردنی بە تیرۆر ئێستا لە قەتەرە، لە پەیامێكدا لەسەر پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك دەڵێت لەگەڵ هاوپۆستەكەی عادل عەبدولمەهدی كە سەركردەیەكی شیعەكانە و سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراقە لە ساڵی 2006 ویستوویانە نووری مالیكی لەسەر كار لابدەن پاش ئەوەی "دەركەوت ئەم پیاوە دەڵاڵی پڕۆژەی سەفەوییە لە عێراق و لە هەمان كاتدا ئەم پیاوە دواكەوتوو و تایفییە و بۆ حوكمكردنی عێراق ناشێت."
هاشمی كە 5 جار لەلایەن دادگەكانی عێراقەوە بە تۆمەتی تیرۆر حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، دەشڵێت "كۆندالیزا رایس فڕی بۆ بەغدا تا بە هاشمی و هاوڕێیەكەم بڵێت ئەمەریكا بە گۆڕینی نووری مالیكی رازی نییە." هاشمی ئەوەیش ئاشكرا دەكات كە مانەوەی مالیكی لەسەر دەستەڵات ئەمڕۆ بە رەزامەندیی ئەمەریكا و ئێرانیشە و دەڵێت "تا ئەمڕۆ ئەمەریكا و ئێران دەیانەوێ مالیكی لەسەر دەستەڵات بێت."
جێگری سەرۆككۆماری عێراق كە هێشتا بە فەرمی لە پۆستەكەیدا ماوەتەوە، دەشڵێت "كردەیی حكوومەتەكەی مالیكی كەوتووە و رووخاوە پاش ئەوەی وەزیرەكانی عێراقییە و ئیئتیلافی كوردستانی و وەزیرەكانی رەوتی سەدر كشاونەتەوە، ئەم حكوومەتە كاتی خۆی ناو نرا حكوومەتی شەراكەتی نیشتمانی كە لە رێككەوتننامەی هەولێرەوە دروست بوو كە زیاتر لە دوو ئیئتیلاف تێیدا بكشێتەوە شەرعییەت لە دەست دەدات."
ئەم قسانەی هاشمی هاوكاتە لەگەڵ سەردانە چاوەڕواننەكراو و رانەگەیەنراوەكەی دوێنیی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جۆن كیری بۆ بەغدا كە بە یەكەمین سەردانی دێت پاش دەستبەكاربوونی لە 31ـی كانوونی دووەمی ئەمساڵ و بەرزترین بەرپرسی ئەمەریكایە سەردانی عێراق بكات لە ماوەی چەند مانگێكدا بە تایبەت پاش دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكانی پارێزگا سونییەكان لە عێراق كە 92 رۆژ دەبێت و ئەمەریكا بێدەنگییەكی تەواوی هەیە لەو بارەیەوە.




