دکتۆرە ڤیان سەبری: لەبارەی زیانەکانی پارێزگای دھۆک راپۆرتێک دەدەینە پەرلەمان و حکوومەتی عێراق

دھۆک_KDP.info_ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی پارێزگای دھۆک دوای کارەساتەی دروستبوو راپۆرتێک ئامادە دەکەین و بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران بەرز دەکەینەوە و چاوەڕێش دەکەین لیژنەیەک لەبەغدا بێت سەردانی دھۆک بکات بە ھەماھەنگی لە گەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، دکتۆرە ڤیان سەبری ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ وەک فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی قایمقامیەتی ناوەندی دھۆکمان کرد بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی خۆمان بنووسین بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئەوان و لەنزیکەوەش ئاگاداری دۆخی پارێزگای دھۆک بین.
دکتۆرە ڤیان سەبری گوتیشی، ئەو ڕاپۆرتە دەدەینە سەرۆکایەتی پەرلەمان و لەکاتی کارەساتەکەش نوێنەرانی ئێمە لەگەڵ خەڵک دابووین و ئەم کارەساتە زۆر گەورەبووە و زیانی زۆری ھەبوو و سێ ھاوڵاتی شەھید بوون، بۆیە ئێمە بۆ ھەرکارێک ئامادەین و دوای ئەوەی راپۆرتیش ئامادەدەبیت بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان وئەنجومەنی وەزیران بەرز دەکەینەوە.
سەبری ڕوونیشی کردەوە، داوامان کردووە لیژنەیەک لە حکوومەتی عێراق بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی دھۆک بکەن و چاوەرێی سەردانەکە دەکەین.
بڵند ئیبراھیم




