٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەکتەبی سیاسیی پارتی: داواکارین ھەموو لایەک بەدەنگ خواست و ویستی ھەڵەبجەوه‌ بچن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە ئەمەی خوارە دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسییە لە ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجەدا.

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی کارەساتێکی دڵتەزێنە، (٣٦)ەمین بیرەوەریی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجەیە لە(١٦ی ئاداری ١٩٨٨)، لەو یادە خەمگینەدا ھاوسۆزی و ھاوخەمیی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانییانی ئەو تاوانە کەموێنەیە دووپات دەکەینەوە، دروود لە گیانی پاکی شەھیدان بێت.

کارەساتی بۆردوومانکردنی ھەڵەبجە لەلایەن رژێمی ئەوسای بەعس بە چەکی قەدەغەکراو تاوانێکی ویژدان ھەژێن بوو، دەسەڵاتی دیکتاتۆری عێراق ھەموو ڕێگاکانی سەرکوتکردن و لەناوبردنی گەلی کوردی بەکارھێنا، سەرئەنجام کورد بەپێوە مایەوە و تاوانبارانیش وەکو ھەمیشە لەناوچوون و بوونە پەندی مێژوو و، تا ھەتایەش ھەڵەبجە وەک سیمبولی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان لە ھزری گەلەکەمان و لاپەڕەکانی مێژووی بەرخۆدان و قبووڵنەکردنی ستەم و چەوسانەوە بە شکۆمەندی دەمێنێتەوە.    

لەو یادەدا وەکو ھەمیشە پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆمان بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی پارێزگای ھەڵەبجە دووپات دەکەینەوە، بەتایبەتی پڕۆژەکانی پەرەپێدان و خزمەتگوزاری و، بوارەکانی دیکە، کە بە دەستپێشخەری و ھەوڵ و تەقەللای بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دران و دەدرێن.

بەو بۆنەیەوە داواکارین ھەموو لایەک بەدەنگ خواست و ویستی ئەو شارەوە بچن و، داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێ و، ئازار و زامی بریندارەکان ساڕێژ بکرێ و، لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدڕاڵیش قوربانییەکانی چەکی کیمیاوی لە ھەموو ڕوویێکەوە قەرەبوو بکرێنەوە و چارەسەری ژینگەی وێرانکراو و ژاراویکراوی ھەڵەبجە بکرێ.

ھیوادارین ئەو یادە ببێتە ھەوێنی ھاوڕیزی و یەک بڕیاریی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکانمان و، پاراستنی دەستکەوتەکانمان و قەوارەی شەرعیی ھەرێمی کوردستان و، دووبارە نەبوونەوەی ئەو تاوان و کارەساتە جەرگبڕانە.

نەمری و سەرفرازی بۆ شەھیدان و قوربانییانی مەرگەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە و سەرجەم شەھیدانی کوردستان.

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

١٦ـی ئاداری ٢٠٢٤

هەواڵی پەیوەندیدار