مامۆستایەکی زانکۆ: بەیانی ١١ی ئادار زۆر خاڵی گرینگی تێدابوو

ئەمڕۆ ٥٤ ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر دەرکردنی بەیانی ١١ی ئادار، پسپۆرێکی زانستە سیاسییەکانیش پێی وایە، بەیانی ١١ی ئادار بۆ ئەو کات دەستکەوتێکی زۆر گەورەبووە و دەشڵێ: خاڵی زۆر گرینگ لەنێو بەیانەکەدا ھەن بۆ کوردستان و بەتایبەتی مافی ئۆتۆنۆمی بۆ ئەو سەردەمە دەستکەوتێکی گەورەبوو.
د. فەرھاد محەمەد، پسپۆری زانستە سیاسییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە گەورەترین شۆڕشی کورد ھەژمار دەکرێت، چونکە تاکە شۆڕشی سەرتاسەری بووە و ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە ئاین و پێکھاتەی جیاوازەوە بەشداریان لە شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا کرد، بەدرێژترین شۆڕشی کورد و گەورەترین شۆڕش ھەژمار دەکرێت، لە زۆر ڕووەوە ئەیلول جیاوازی تەواوی لەگەڵ شۆڕشەکانی پێش خۆی ھەبوو، بۆ نموونە ھەر دەڤەرێک کەوتبێتە دەست شۆڕش فەرمانگە کارگێڕییەکانی تێدا دەکرایەوە، بەتایبەتی قوتابخانە، ھەبوونی بارزانی نەمر بۆ ڕابەرایەتی شۆڕش و پارتیش وەک حزب کاریگەری لەسەر شۆڕش ھەبوو.
ئەو پسپۆرەی زانستە سیاسییەکان دەڵێ: شۆڕشی ئەیلوول زۆر دەستکەوتی بەدەست ھێنا بۆ گەلی کوردستان، بەڵام ئەوەی زۆر بەرچاوە بەیانی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ بوو کە بۆ جاری یەکەمە تا ئەو کات حکوومەتێک بە فەرمیی و بەو شێوەیە ددان بە مافی کورددا بنێت و بچێتە ژێر باری شۆڕشی کورد، واتە بەیانی ١١ی ئادار بەرھەمی شۆڕشی ئەیلوولە و گەوەترین دەستکەوتیش بوو ئەو کات بەدەست ھێنرا، ئەمە ٥٤ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ١١ی ئاداردا، بەڵام پێم وابێت تا ئێستایش کاریگەرییەکانی ماون و ئەوەی ئەمڕۆش بەدەست ھاتووە ھەر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کات.
د.فەرھاد محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەیانی ١١ی ئادار زۆر خاڵ لەخۆ دەگرێت، بەڵام بەدەستھێنانی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان یەکێکە لە خاڵە بەرچاوەکان و بۆ قۆناغی ئەو کات ئۆتۆنۆمی بۆ کورد گونجاو بوو وەک ھەنگاوی یەکەم، لە ماوەی چوار ساڵی بەیانی ١١ی ئاداردا تا ڕادەیەکی زۆر کورد توانی سوود لەو دەستکەوتانەی شۆڕش بکات، بەڵام وەک پیشەی ھەمیشەییان دوای ئەوەی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق جێی پێی خۆی پتەو کرد لە ڕێککەتن پەشیمان بوویەوە و پەنای بردە بەر ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی خیانەتکارانەی جەزائیر.
قائید میرۆ




