بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی چەمچەماڵ: پشکنینی (DNA)ی بۆ کەسوکاری شەھیدان دەکرێت
__2024_02_29_h18m19s42__HK.jpg)
بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی شەھیدان لە چەمچەماڵ ڕایگەیاند، پرۆسەی وەرگرتنی نموونەی خوێن لە کەسوکاری شەھیدانی جینۆساید دەستی پێکردووە و دەشڵێ: پرۆسەکە ھەموو ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بۆ ئەوەی لەکاتی ھێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالکراوان سوودی لێوەر بگیرێت.
ھابیل حاجی، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی شەھیدان لە چەمچەماڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پرۆسەی وەرگرتنی نموونە لە کەسوکاری شەھیدانی جینۆساید دەستی پێکردووە و بڕیارە پرۆسەکە ھەموو ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە و پشکنین بۆ کەسوکاری شەھیدانی جینۆساید بکرێت، تا لە کاتی ھێنانەوەی ڕوفاتی شەھیدان سوود لەو پشکنینە وەربگیرێت.
بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی شەھیدان دەشڵێت: ئەمە بۆ جاری یەکەمە پشکنینی DNA بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکرێت، پشکنینەکە ھەم بۆ ناسینەوەی ئەو ١٧٢ ڕوفاتەیە کە ڕۆژانی ڕابردوو گەڕێندرانەوە ھەرێمی کوردستان ھەم بۆ داھاتووە ئەگەر گۆڕی بەکۆمەڵ ھەڵدرانەوە و ڕوفاتەکان دیاریکران بناسرێنەوە.
ھابیل حاجی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: وەرگرتنی سامپل لە کەسوکاری شەھیدان ئاسانکاری زۆر دەکات بۆ ناسینەوەی ڕوفاتی شەھیدانمان.
بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتووشدا لە ناوچەکانی باشووری عێراق کار بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕی دیکەی بەکۆمەڵ بکرێت.
قائید میرۆ




