٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.مەحموود عوسمان: پشتگیری قسەکانی سەرۆک بارزانی دەکەم

سەرچاوە: KDP.info

سیاسەتمەدارێکی کورد پشتیوانی لە ھەڵوێستی سەرۆک بارزانی دەکات لەبارەی مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و پرسی ھەڵبژاردن و پرسە یاسایی و دەستووریەکان کە لە میانەی دیداری نێوان سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامدران.

د.مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پشتگیری ھەموو ئەو قسانەی سەرۆک بارزانی دەکەم لەنێوان سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمریکا بە وەکالەت لە عێراق کراون، پێشتریش باسم کردووە ھەموو قسەکانی باش بوونە و من پشتگیری کۆی ئەو گفتوگۆیە دەکەم، منیش لەبارەی ڕەوشی ئێستای عێراق و مانەوەی ھاوپەیمانان لە عێراق ھەمان بۆچوونی کاک مەسعوودم ھەیە، قسەکانی ئەو چۆن بووە منیش ھەمان قسەم ھەیە.

ڕۆژی چوارشەممە (١٤ـی شوباتی ٢٠٢٤) لە سەڵاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە دەیڤید برگەر، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق بە وەکالەت و شاندێکی یاوەری کرد، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و ھەڕەشەکانی تیرۆر و پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو پەیوەندییانە ئاڵوگۆڕ کرا.

ھەر لەو دیدارەدا پەیوەست بە بارودۆخی گشتیی عێراق و ھەرێمی کوردستان سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ھەموو لایەک پابەندی ئەو دەستوورە بن کە گەلانی عێراق دەنگیان پێ داوە و قەوارەی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بپارێزرێن، ناشبێ بەشێوەیەکی نادەستووری دەست لە پرۆسەی یاسادانانی ھەرێم بدرێت، ھەروەک لە دەستووریشدا بەڕوونی ھاتووە لە دۆخی بوونی جیاوازی لەنێوان یاساکانی ھەرێم و یاساکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەولەوییەت بۆ یاساکانی ھەرێم دەبێت.

سەبارەت بە دۆخی مانەوەی ھێزی ھاوپەیمانان لە عێراق سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بابەتە پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەست نیە تەنیا بە پێکھاتەیەکی دیاریکراو و دەبێ حکوومەتی عێراق ئەم بابەتە لە ڕێگەی وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەکان بە گفتوگۆ لەگەڵ ھاوپەیمانان بگەیەننە ڕێککەوتن و ئەنجام، دەبێ ھەموو پێکھاتەکانی عێراقیش ئەو ڕاستییە بزانن کە ھێشتا ھەڕەشەی تیرۆر و مەترسیی سەرھەڵدانەوەی ھەر بەرقەرارە، ھەر لەبارەی ئەم پرسەوە سەرۆک بارزانی ئەوەی زیاتر بۆ شاندی میوان ڕوونکردەوە کە پێویستە ھەموو لایەک پشتیوانی پڕۆسەی دیالۆگ و ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و ھاوپەیمانان بن و ئەم بابەتە ئەرکی پەرلەمان نییە و لەپێناو بەرژەوەندییەکانی عێراق دەبێ دوور بێت لە موزایەدەی سیاسی و لێکەوتە و ھاوکێشەکانی ھەرێمایەتی و دەبێ بەرژەوەندی و سەقامگیری و ئاسایشی ھەموو شوێن و پێکھاتەکانی عێراق لەبەرچاو بگیرێت.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار