بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی: لە ڕێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە نرخی کەلوپەل دابەزێنین
__2024_02_21_h15m35s16__ER.jpg)
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی پێی وایە یەکێک لە ئەگەرەکانی بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل بۆ گرانی نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە، دەشڵێ: لە ھەوڵداین لە ڕێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە نرخی کەلوپەل لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستاندا دابەزێنین.
نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ھێشتا ھەموو بازرگانان وەک پێویست نەیانتوانیوە سوود لە سەکۆی ئەلیکترۆنی وەر بگرن، ئێمە لەگەڵ بەغدا لە ھەوڵداین ھەموو بازرگانێکی ڕاستەقینە سوودمەندبێت لە سیستەمی نوێی گۆڕینەوەی دراو کە بە سەکۆی ئەلیکترۆنی ناسراوە، چونکە کاریگەری لەسەر نرخی کەلوپەل دەبێت لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی دەشڵێت: یەکێک لە ئەگەرەکانی بەرزی نرخی کەلوپەل لە بازاڕدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ھێشتا بازرگانان دینار لە بازاڕی ڕەشدا دەگۆڕنەوە و دەیکەن بە دۆلار و لە دەرەوە کەلوپەلی پێ ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
نەوزاد شێخ کامل ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەگەر ھەموو بازرگانێکی ڕاستەقینە سوودمەندبێت لە سەکۆی ئەلیکترۆنی و دۆلار بە ١٣٢هەزار دینار بگۆڕێتەوە بێگومان کاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت و نرخ دادەبەزێت، چونکە لە ھەر سەد دۆلارێک ٢٠ ھەزار دینار لەسەر بازرگانەکان هەرزانتر دەکەوێت، ئەوکات نرخی کاڵاش دادەبەزێت لە بازاڕدا.
قائید میرۆ




