سەرەتای مانگی داھاتوو دوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق مەشق و ڕاھێنانیان تەواو دەبێت و دەست بەکار دەبن

بەغدا _KDP.info_ نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتی: سەرەتای مانگی داھاتوو ھەردوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق مەشق و ڕاھێنانیان تەواو دەبێت و لە ناوچە کوردستانییەکان جێگیر دەکرێن و ئەرکیان پێ دەسپێردرێت کە لە لایەن دوو لیژنەی ھێزی پێشمەرگە و فەرماندەی ھێزی ھاوبەش شوێنیان بۆ دیارکراوە.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە ماوەی ڕابردوودا دوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەستیان بە مەشق و ڕاھێنان کرد، تا ئێستا لە مەشق و ڕاھێنان بەردەوامن و بڕیارە سەرەتای مانگی داھاتوو مەشق و ڕاھێنانیان تەواو بێت.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی: دوای تەواوبوونی مەشق و راھێنانەکانیان بڕیارە لە ناوچە کوردستانیەکان ئەرکیان پێ بسپێردرێت، چونکە لیژنەی فەرماندەی ھێزە ھاوبەشەکانی عێراق و لیژنەی پێشمەرگە سەردانی ناوچەکانیان کردووە و شوێنەکانیان دیارکردووە و لەو شوێنانە ئەو ھێزانە جێگیر دەکرێن، کە سودێکی زۆری دەبێت بۆ ئەمنیەت و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە، بەتایبەتیش بۆ کوردەکانی نیشتەجێی ئەو ناوچانە.
بڵند ئیبراھیم




