٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێروان حەیدەری بۆ KDP: دادگای فیدڕاڵی بەگوێرەی دەستوور مامەڵە ناکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پێشووتری داد پێی وایە، لەکاتی ھەبوونی دوو یاسا لە نێوان ھەرێم و بەغدا ئەولەویەت بۆ یاسایی ھەرێمی کوردستانە و دەڵێ، دادگای فیدڕاڵی شوێنی ھەموو دەزگاکانی عێراقی گرتووە و تەنانەت شوێنی پەرلەمان و حکوومەتیشی گرتووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو لەچوارچێوەی دیداری نێوان سەرۆک بارزانی و باڵیۆزی ئەمریکا بە وەکالەت لە عێراق، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ھەموو لایەک پابەندی ئەو دەستوورە بن کە گەلانی عێراق دەنگیان پێ داوە و قەوارەی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بپارێزرێن و ناشبێ بەشێوەیەکی نادەستووری دەست لە پڕۆسەی یاسادانانی ھەرێم بکرێت. ھەروەک لە دەستووریشدا بەڕوونی ھاتووە لە دۆخی بوونی جیاوازی لەنێوان یاساکانی ھەرێم و یاساکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەبوو ئەوە ئەولەوییەت بۆ یاساکانی ھەرێم دەبێت.

لەمبارەیەوە شێروان حەیدەری، وەزیری پێشووتری داد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوکاتەی لەپەرلەمانیش بووم بەو شێوەیە مامەڵەمان دەکرد ئەو یاسانەی لە عێراق پەیوەندیان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە و ھەرێمی کوردستانیش یاسای ھەبوو ئەوە ئەولەویەت بۆ یاسای ھەرێمی کوردستانە نەک بۆ یاسای عێراق، ئەوەش لە دەستووردا ھاتووە نەک ئێمە و دادگای فیدڕاڵی خوێندنەوەی بۆ بکەین، واتە لەکاتی ھەبوونی دوو یاسا لەنێوان ھەرێم و بەغدا کار بە یاسای ھەرێمی کوردستان دەکرێت".

وەزیری پێشووتری داد گوتیشی: "مامەڵەی عێراق لەگەڵ ھەرێمی کوردستان تەندروست نیە، چونکە دادگای فیدڕاڵی شوێنی حکوومەت و پەرلەمانی گرتووەتەوە و ھەموو دەسەڵاتەکان لای دادگای فیدڕاڵیە، دادگای فیدڕاڵیش شەرعیەتی یاسایی و دەستووری نییە، بەگوێرەی دەستووریش مامەڵە ناکات".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار