٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەبەر دوو ھۆکار دیار کردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دواکەوتووە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا _KDP.info_  پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: لەبەر دوو ھۆکار دیارکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دواکەوتووە، ھەرکاتێک ئەو ھۆکارانە چارەسەرکران لە نزیکترین کات سەرۆکێکی تازە بۆ پەرلەمانی عێراق ھەڵدەبژێردرێت.

خالد ڕێکانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پشکی سوننەیە و لەنێو خۆیاندا پێشتر نەگەیشتنە ڕێککەوتن و نەتواندرا سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان ھەڵبژێرن، بۆیە ئێستا چاوەڕێی ئەوە دەکرێت ڕێککەوتن بکرێت لە نێو خۆیاندا، کێشەی دیکە ئەوەیە کوتلەکان لەبارەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بگەنە ڕێککەوتن و کۆتایی بەو پرسە بێت ئەوکات دەست بە ھەڵبژاردنی سەرۆکی تازەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت، چونکە ئێستا حزبەکان سەرقاڵی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیین، بۆیە لەو ماوەیە ئەو پرسانە یەکلایی دەبنەوە و دواتر  سەرۆکی تازەی پەرلەمان هەدەبژێردرێت. 

خالد ڕێکانی گوتیشی: تا ئێستا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان ھیچ گرفتێکی بۆ دروست نەکردووین و ھەر پڕۆژەیەک بێتە پەرلەمان کاری لەسەر دەکەین، بۆیە چاوەرێی ھاتنی پڕۆژەی ھەمواری بودجە دەکەین و گفتوگۆ بەردەوامە لەسەری، ھەر کاتێک ڕێککەوتنی کۆتایی کرا دێتە پەرلەمان و ھەموار دەکرێتەوە، بەڵام تاوەکو بودجە ھەموار دەکرێتەوە ناردنی ٦١٨ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. 

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار