لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردی بناغە بۆ ژمارەیەک پڕۆژە دانرا

ئەمڕۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەردی بناغە بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری دانرا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش دەڵێ: بەردەوام دەبین لەسەر پێشکەشکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و دابینکردنی ھەلی کار و زیادکردنی ڕێژەی گەشتیاری بۆ ناوچەکە.
گوھدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە سنووری ناحیەی ڕزگاری بەردی بناغەمان بۆ ژمارەیەک پڕۆژە دانا، لە تەمەنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دا لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە گوژمەی ٣٠ملیار دینار پڕۆژە بۆ ناحیەی ڕزگاری دابین کراوە، بەردەوامیش دەبین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، ئەو پڕۆژانەی ئەمڕۆ بەردی بناغەیان بۆ دانرا کاریگەرییان دەبێت لەسەر ڕاکێشانی گەشتیار و پەیداکردنی دەرفەتی کار بۆ ھاووڵاتییانی ناوچەکە، بەتایبەتی سنووری ناحیەی ڕزگاری پێکھاتەی ئاینی جیاوازی تێدایە و گرینگییەکی تەواو بە شوێنە ئاینییەکانی دەدرێت.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەشڵێت: دەروازەیەکی شایستە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروست دەکرێت، ئایندەیەکی گەش لەبەردەم ئیدارەکەیە، بەھۆی نالەباری کەش و ھەواوە ھەندێ سستی بە پڕۆژەکانی ئێمەوە دیارە بەڵام لەوەی داھاتوودا لەگەڵ باشبوونی ڕەوشی کەشوھەوا ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە دەچنە بواری جێبەجێکردن.
گوھدار شێخۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سنوورێکی بەرفراوانی ھەیە و ھەموو ھەوڵێک دەدەین پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەیەنینە ھەموو گەڕەک و کۆڵانێکی زاخۆ و گوند و کۆمەڵگە و شارەدێکان، ئێمە وەکو حکومەت ئەوەی لەدەستمان بێت بۆ خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ درێغی ناکەین.
قائید میرۆ




