د.ساڵح مەلا عومەر: ئێستا شێوەی شەڕکردن لە عێراق جیاوازە
__2024_02_04_h18m15s41__HK.jpg)
ڕۆژی ٢٨/١/٢٠٢٤ لقی ٦ی ئەوروپای پارتی دیموکراتی کوردستان سیمینارێکی لە وێبنارەوە بۆ د.ساڵح مەلا عومەر پرۆفیسۆر لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەلاحەددین لەژێر ناوی (ڕووداوەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و کاردانەوەی لەسەر ناوچەکە و پێگەی داھاتوووی کوردستان) بەڕێوەبرد.
لەسەرەتای قسەکانی دا د.ساڵح مەلا عومەر گوتی: ئەم بارودۆخەی ئێستا دروست بووە باس و خواسی زۆری لێ کەوتووەتەوە، بەتایبەتی لە ناوەندە ھزری و لێکۆڵینەوەیەکاندا، بەتایبەتی دوای ئەوەی چەند سەربازێکی ئەمریکی کوژران و برینداربوون، ئەم ڕووداوە ناوچەکە دەباتە قۆناغێکی تر و سەرۆکی ئەمریکا ناچار دەکات هەڵوێستی کرداری وەربگرێت و کاردانەوەی ھەبێت، بەتایبەتی سەبارەت بە کوشتنی سەربازەکانی، ئەگەر ئێمە تەماشای سیستمی نێودەوڵەتی بکەین دەبێت بزانین ئەم قەیرانە بۆچی دروست بووە و قەبارەی ئەم قەیرانە چۆن دەبێت و لە چ ئاستێکی جیھانی دەبێت.
ئەو پسپۆرەی زانستە سیاسییەکان دەشڵێت: ئەم فەزایەی کە ئێستا زاڵە لەسەر ئاستی جیھان فەزایەکی ھێرشبەرانەیە و توندوتیژییە، ئەم فەزایەی پێی دەڵێن نیوراڵستی ھەندێ تایبەتمەندی خۆی ھەیە، یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی دروستبوونی پاشاگەردانی یان حاڵەتێکی ئەنارشستی، بە شێوەیەکی گشتی بەسەر جیھاندا زاڵ دەبێت، لەم فەزایە ھەموو لایەک ھەوڵدەدات ھێز زیاد بکات و زاڵبێت، بۆ ئەوەی بمێنێتەوە و شەڕ دەکات لەپێناو مانەوەی، بێگومان لە بەرژەوەندی وڵاتە زلھێزەکان دەبێت و ھێزە بچووکەکان دەبنە قوربانی.
د.ساڵح مەلا عومەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئێستا شێوەی شەڕکردن لە عێراق جیاوازە سەرەڕای ئەوەی بەرەی مقاومەت شەڕ دەکات دژی ئەمریکا بۆ ئەوەی بڕواتە دەرەوە لە خاکی عێراق، ھەروەھا ھێزەکانی نزیک لە ئێران بەشێوەیەکی سیاسی و یاسایی ھەوڵدەدەن لە پەرلەمان یاسایەک دەربکەن .. بە یاسا ئەمریکا لە عێراق دەر بکەن، بەرەی مقاوەمەت دەیەوێت کوردستان بکاتە بەرەیەکی شەڕ و کوردستان تووشی شەڕێکی گەورە بکات، زۆر لە وڵاتە گەورەکان بە ئێمە دەڵێن لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەون، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو وڵاتانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر بەغدا ھەیە تا بتوانن یارمەتی ئێمە بدەن لەگەڵ بەغدا بگەینە ڕێککەوتن، بۆ نموونە ئەمریکا دەیتوانی فشار بخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی بەپێی دەستوور لەگەڵمان ڕێکبکەوێت، چونکە ئێمە دەزانین پارەی بەغدا دەچێتە ئەمریکا و لەوێوە جارێکی تر دێتەوە بۆ عێراق.
قائید میرۆ




