٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خالید شلی ھاوڕێی ئیدریس بارزانی: لای شەھید ئیدریس جیاوازی نەبوو لەنێوان پێشمەرگەیەک و کوڕی ئەو

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ ٣٧ ساڵ بەسەر ماڵئاوایی شەھید ئیدریس بارزانی تێدەپەڕێت، ھاوڕێیەکی ئیدریس بارزانیش پێی وایە شەھید ئیدریس بارزانی سەرکردەیەکی کەموێنەیە لە مێژوودا، دەشڵێ: بەشێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ خەڵک دەکرد لای ئەو ھیچ جیاوازی لەنێوان پێشمەرگەیەک و کوڕی ئەو نەبوو.

 

خالید شلی، فەرماندەی پێشمەرگە و ھاوڕێی شەھید ئیدریس بارزانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: شەھید ئیدریس بارزانی یەکێک بوو لە سەرکردە کاریزماکانی گەلی کورد لەسەر ئاستی ھەر چوار پارچەی کوردستان، لەبیرمە ھەر سەنگەرێکی پێشمەرگە شەھید ئیدریس بارزانی لێبووایە سەردەکەوت و بەدرێژایی ئەو ساڵانەی شەھید ئیدریس لە بەرەکانی شەڕ بوو سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئێمە لەگەڵ شەھید ئیدریس بارزانی گەورەبووینە و دەزانین چ مرۆڤێکی مەزن و میھرەبان بوو. 

 

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتی: یەکێک لەو سیفەتانەی ئیدریس بارزانی کە زۆر پێی ناسراوە نەبوونی جیاوازی بوو لەلای ئەو، کەسێکی تا بڵێی میھرەبان بوو لەگەڵ ھەموو چینوتوێژەکان، لای شەھید ئیدریس بارزانی جیاوازی لەنێوان پێشمەرگەیەک و کوڕی ئەو و برایەکی ئەو نەبوو، بەیەک چاو سەیری ھەموو کەسێکی دەکرد، دەستی ھاوکاریشی بۆ ھەموو کەسێک درێژ دەکرد بەتایبەتی پێشمەرگە. 

 

خالید شلی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەو ڕۆژەی شەھید ئیدریس بارزانی ماڵئاوایی لێکردین من لە سنووری لقی یەک بووم، بڕیاربوو ئەو ڕۆژە نامەیەکی سەرۆک بارزانی بگەینم بە شوێنێک، بەڵام کە بەیانی چوومە خزمەت سەرۆک بارزانی لە چاوەکانی سەرۆک بارزانی دیاربوو ڕووداوێکی گەورە ڕوویداوە، پرسیم ئەوە چی بووە؟ پێی گووتم کاکە ئیدریس ماڵئاوایی کردووە، بەھۆی خۆشەویستی بەندە بۆ شەھید ئیدریس یەک بەدەنگی خۆم ھاوارم کرد و چوومە لای پێشمەرگە و فەرماندە ھاوڕێکانم ھەواڵی شەھیدبوونی ئیدریس بارزانیم پێگەیاندن، ئیدریس لای من مرۆڤێکە ئێستاش کە دێتەوە بیرم خۆم پێناگیرێت و تا مردنیش لەبیرم ناچێتەوە. 

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار