شێروان حه‌یده‌ری: كۆمارییه‌كان و دیموكراته‌كان خه‌ریكی دروستكردنی پڕۆژه‌یه‌كین بۆ پارێزگاری کردن له كوردستان

وه‌زیری پێشووی دادی هه‌رێمی کوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات: ئه‌وه‌ی له به‌غداوه له‌دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت ناده‌ستووری و ناقانوونییه چونكه ده‌یانه‌وێت شه‌ڕی سیاسی خۆیان له‌گه‌ڵ كوردستان بخه‌نه چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی و سزای خه‌ڵكی كوردستانی پێ بده‌ن.
شێروان حه‌یده‌ری، بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئه‌وه‌نده‌ی زانیاریم هه‌بێت له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی هه‌وڵێك هه‌یه كه به‌هه‌ر ڕێگایه‌ك بێت هاوشێوه‌ی بڕیاری دژه‌فڕینی هێڵی 36ی ساڵی 1991 كه له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشه‌وه بڕیاری لێدرا و بریاری 986ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش كه له ساڵی 1995 ده‌ركرا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كوردستان چه‌ند بڕیارێك ده‌ربچێت بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان كه چیتر نه‌كرێته ئامانج، چونكه ئه‌وه‌ی لەبەرامبەر كوردستان ده‌كرێت جێگای نیگه‌رانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دروستكردنی مه‌ترسی له‌سه‌ر كوردستان مه‌ترسی له‌سه‌ر ئارامی ناوچه‌كه‌ش دروست ده‌كات.
ڕایشیگه‌یاند: ئه‌وه‌ی له به‌غداوه له‌دژی كوردستان ده‌کرێت بڕیاری سیاسییه، ده‌یانه‌وێت بخرێته چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور و یاسایه هه‌ر بۆیه كۆمارییه‌كان و دیموكراته‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵی جدی دەدەن سزا به‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی لێژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراقدا بسه‌پێنن كه ڕێگرن له ناردنی پاره بۆ کوردستان و ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت كوردستان بكه‌نه ئامانج، به‌شێكی دیكه‌ی پڕۆژه‌كه سزادانی ئه‌وانه‌یە پاره‌ی دۆلار له عێراقه‌وه ده‌به‌نه ده‌ره‌وه و باری سزای سەر ئێرانی پێ كه‌مده‌كه‌نه‌وه.




