کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی خەمێکی گەورەی بۆ ههموو کوردستان دروست کرد

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٣٧ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەرکردە شەھید (ئیدریس بارزانی)دا تێپەڕ دەبێت، پێشمەرگەکانی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانیش باس لەوە دەکەن، ئیدریس بارزانی سەرکردەیەکی دیاری کوردستان بوو و کەسێکی زۆر کراوە بوو و ھەمیشە خۆی لە شەڕەکانیش لەپێشەوە بوو، بۆیە کۆچی دوایی ئەو سەرکردەیە، کەلێنێکی گەورەی دروست کرد.
دکتۆر ناسح غەفوور، پێشمەرگەی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "من لەگەڵ شەھید ئیدریس لە ساڵی ١٩٨٠وە پەیوەندییەکی باشم ھەبوو و یەکەم جار لە دەرەوە گەڕامەوە بەخێرھاتنی منی کرد لە ماڵەوە، کە گەڕابوومەوە بە بڕوانامەی دکتۆراوە، زۆری پێ خۆش بوو و دواتر لە راژان چوار ساڵ پێکەوە بووین و کاروباری رێکخستن و پەیوەندییەکانی تایبەتی ئەومان جێبەجێ دەکرد و ئەو پێش ھەموو شتێک رۆڵەیەکی دڵسۆزی بارزانیی نەمر بوو و خەمخۆری یەکڕیزی و تەبایی ناوماڵی کوردستان بوو".
غەفوور دەشڵێ: "ئەوانەی لەگەڵ شەهید ئیدریس کاریان کردووە، دەزانن کە مرۆڤێکی ژیر و رۆحسوک و لەخۆبردوو و دۆستی سازان و رێککەوتن بوو و یەکێک بوو لەوانەی داینەمۆی رێکخستنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و داگیرسێنەری شۆڕشی گوڵان بوو، ئەمە جگە لەوەی لە سەرپەرشتیکردنی شۆڕشدا سەرپەرشتیاریی ئاوارەکانیشی دەکرد".
ئاماژەشی دا: "شەهید ئیدریس چەندین زمانی دەزانی و زۆر حەزی لە خوێندنەوە بوو، بە تایبەت ئەو نووسینانەی پەیوەندی بە شۆڕشەکان و مێژووەوە ھەبوو و دۆستی شیعری مەلای جزیری و وەفایی و ئەحمەدی خانی بوو، هەروەها دۆستی کەسانی خوێندەواریش بوو، بۆیە بێگومان ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتی بوو و لە ساڵی ١٩٨٦ لەگەڵ مام جەلال یەکتریان بینی و بناغەی ئاشتبوونەوەی گشتی و بەرەی کوردستانییان دروست کرد، لەوێ نازناوی ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتییان پێ دا".
د. ناسح ئەوەش دەخاتە ڕوو: "بەداخەوە لە ٢٧ی مانگ چەند رۆژێک پێش کۆچی دوایی، دوایین جار بینیم کە رۆیشتمە دەرەوە و داوای کرد زوو بگەڕێمەوە بۆ کوردستان و باسی لەوە کرد کە شانازی بە ئێوەوە دەکەم خاوەن بڕوانامەن و خزمەت دەکەن لە ریزەکانی شۆڕشدا".
هاوکات مەلا قادر محەمەد، پێشمەرگەی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "شەھید ئیدریس بارزانی، سەرکردەیەکی زۆر بوێر و چالاک بوو و کەسێکی تا بڵێی کراوە بوو، کە من خۆم ١٠ ساڵ لەگەڵی بوومە و ھەمیشە رێزی لە پێشمەرگەی دەگرت و نانخواردنیشی لەگەڵ پێشمەرگە بووە و ئەوان چییان خواردبووایە، ئەویش ھەمان خواردنی دەخوارد و ھیچ کات خۆی لە پێشمەرگە جیا نەدەکردەوە".
مەلا قادر گوتیشی: "شەھید ئیدریس بارزانی لە ھەموو شەڕەکان بەشداری دەکرد و چاونەترس بوو و خۆشی لە پێشەوەی ھەموو شەڕەکان بوو و ھەمیشە سەرکەوتنی بەدەست دەھێنا، نموونە لە شەڕی ھەندرێن رۆڵێکی بەرچاوی ھەبوو و گورزێکی کوشندەی لە دوژمنانی کورد دا و سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد".
لای خۆشیەوە، سدیق گۆران، پێشمەرگەی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "کاک ئیدریسی ھەمیشە لەیاد، سەرپەرشتیی شۆڕشی گوڵانی دەکرد، ئەوکات بارزانیی نەمر و سەرۆک بارزانی لە دەرەوە بوون، کە ئەو رۆژەی کۆچی دوایی کرد، لە تاران دەگەڕایەوە بۆ کوردستانی ئێران بۆ سلێڤانە و ئەو کات فازڵ میرانی و عەبدولموھەیمین و بابەکر زێباری ھاتبوونە پێشوازی و لە ماڵی ئێمە بوون و کاتێک گەیشتە شوێنی خۆی و دوای بەڕێکردنی بۆ سلێڤانە بۆ شوێنی خۆی، لەوێ کۆچی دوایی کرد، کە خەمێکی گەورەی بۆ ھەموو کوردستان دروست کرد، چونکە کاک ئیدریس ھەر کێشەیەک ھەبووایە، چەندیش زەحمەت بووایە، چارەسەری دەکرد، چونکە سەرکردەیەکی زۆر لێھاتوو بوو و کەلێنێکی گەورەی دروست کرد و سەرکردەیەک بوو ھەموو ژیانی لە خەباتی کوردایەتیدا بەسەر برد و رۆڵێکی بەرچاوی لە خەباتی کوردایەتیدا ھەبوو".
بڵند ئیبراھیم




