تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئێران وا دەکات سزابدرێت یاخود نەتوانێ ھێرشەکان دووبارە بکاتەوە

ھەولێر _KDP.info_ سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان گوتی: تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئێران وا دەکات سزابدرێت یاخود نەتوانێت ھێرشەکان دووبارە بکاتەوە، بۆیە زۆر گرنگە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سکاڵا لەسەر ئێران دژی ھێرشکردنە سەر ھەرێمی کوردستان تۆمار بکرێت.
بەختیار حەیدەر، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: تۆمارکردنی سکاڵا لە ئەنجوومەی ئاسایش زۆر کاریگەری دەبێت و ڕۆڵێکی گەورەی دەبێت لەبارەی ئەو ڕووداوەی ھێرشی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی ڕووداوەکە و ڕاستییەکان ئاشکرابوون کە ئێران بەرامبەر ھەرێمی کوردستان تەعدای کردووە، بۆیە ئەگەر سکاڵا تۆمار بکرێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوو ھەنگاوی لەبەردەمە، یان سزای ئێران دەدات یاخود ئیدانەی دەکات، ئەگەر دووبارەی بکاتەوە ئەوکات سزا دەدرێت.
بەختیار حەیدەر گوتیشی: زۆر گرنگە سکاڵا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران تۆمار بکرێت لەبارەی ئەو ھێرشە بێ پاساوانەی کراوەتە سەر ھەرێمی کوردستان و خەڵکی سڤیل و بێ تاوان بوونەتە قوربانی، لەبەر ئەوەی ئەوان خۆیان لێکۆڵینەوە دەکەن لەڕێگەی سەرچاوەکانی خۆیان و دەگەنە قەناعەتێک و بڕیاری خۆیان دەدەن، بۆیە تۆمارکردنی سکاڵا زۆر پێویستە.
بڵند ئیبراھیم




