٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی کۆڵینەوە لە ھێرشکردن بۆ سەر ھەرێمی کوردستان کارەکانی تەواوکرد و بە ڕاپۆرتێک پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا _KDP.info_  نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق گوتی: لیژنەی ھاوبەشی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق کاری کۆڵینەوە لە ھێرشکردنە سەر ھەرێمی کوردستانیان تەواوکردووە و ڕاپۆرتی کۆتایی خۆیان داوەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات و ڕێکاری پێویست بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی چیتر بەدرۆن ھێرشی سەر ھەرێمی کوردستان نەکرێت، چونکە ھێزەکان دیارن ئەوانەی ھێرش دەکەنە سەر ھەرێم و ناۆچەکانی ئەو کارەی لێ دەکەن نزیکن لە ھەرێمی کوردستان.

لیوا عەبدولخاڵق تەڵعەت، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لیژنەیەکی لێکۆلینەوە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق پێکھاتبوو بۆ بەدواداچوون لە ھێرشکردنە سەر بنکەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستان و لیژنەکە کارەکانی خۆی تەواوکردووە و کردوویەتییە ڕاسپاردە و لەڕێگەی ڕاپۆرتێکەوە پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە، بۆیە ئەو بڕیاری کۆتایی دەدات، چونکە لیژنەکە دووجار سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و ئەوەی پێویست بوو ئەنجامیدا، پێویستە سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری پێویست بدات بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لەبارەی ئەو ھێرشەی کراوە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت گوتیشی: پێویستە کاری پێویست ئەنجام بدرێت بۆ ڕێگریکردن لەو کارانەی وەک هێرشی بەدرۆن بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بۆ پارستنی ھەرێمی کوردستان، چونکە ھێرشەکان لەو ناوچانەی نزیکن لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراون و ئەوانەی ئەوکارە دەکەن دیارن، بۆیە بە ھەر جۆرێک بێت پێویستە بڕیاربدرێت و ڕێگری بکرێت  لە ھێرشی درۆن بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.

تەڵعەت باسی لەوەش کرد: ئەوەی ئێمە لێمان کۆڵیوەتەوە لە سەر ھێرشکردنە سەر ھەرێمی کوردستان بەتایبەت دوایین ھێرشی بەدرۆن کرایە سەر ھێزی پێشمەرگە و ئەوەی ھاوپەیمانان پێویستە ئەوان خۆیان ئەوە چارەسەر بکەن، ئێمە دوو دانیشتنمان لەسەر ھێرشی سەر پێشمەرگە کردووە بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێت و ڕێگری بکرێت چیتر بەدرۆن ھێرشی سەر ھەرێمی کوردستان نەکرێت.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار