٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەرستگای لالش بەجۆرێک نوژەن دەکرێتەوە شوێنی نیشتنەوەی ھەلیکۆپەتریشی بۆ دروست دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

شێخان _KDP.info_  سەرۆکی شارەوانی قەزای شێخان گوتی: لە قەزای شێخان نوژەنکردنەوەی پەرستگای لالش و پێگەیاندنی خزمەتگوزاری  بەردەوامە، ئەو پارەیەی بۆی تەرخانکراوە زیاتر لە ٢ملیار دینارە، ٣٠%ی تەواو بووە، ئێستا دوو گۆڕەپان دروست دەکرێن بۆ نیشتەوە و فڕینی ھەلیکۆپتەر بۆ ئەو کەسانەی بەشێوەی ڤی ئای پی و شاندی پایەبەرزن سەردانی لالش دەکەن.

ئەندازیار خالد نەرمۆ، سەرۆکی شارەوانی قەزای شێخان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پڕۆژەی نوژەنکردنەوەی پەرستگای لالش بەردەوامە، لە چوارچێوەی ئەو ماستەرپلانەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دایناوە ئێستا پڕۆژەکە نوژەندەکرێتەوە بە گوژمەی زیاتر لە ٢ملیار دینار، ھەم شوێنە ئاینییەکان نوژەن دەکرێنەوە ھەم خزمەتگوزاری بۆ دابین دەکرێت، بۆیە پڕۆژەکە بەردەوام دەبێت تا ئەو ماستەرپلانەی دانراوە تەواو دەکرێت، بۆیە ئەگەر ئەو قۆناغەش تەواو بێت قۆناغی دیکەی دەوێت، لەبەر ئەوەی تەنھا قۆناغی سەرەتایی نوژەنکردنەوەی دابینکردنی خزمەتگوزاری ٦٠ملیۆن دۆلاری بۆ دانرابوو، بۆیە ئێستا لە چوارچێوەی ماستەر پلاندا کار دەکرێت و حکوومەتی ھەرێم و ئەمەریکا و حکوومەتی عێراق و خێرخوازانی کوردی ئێزدی  بەشدارن لە نوژەنکردنەوەکەدا .

ئەندازیار خالد نەرمۆ گوتیشی: نوژەنکردنەوەکە دوو بەش لەخۆ دەگرێت ئەویش کلتوری وئاینی و شوێنەواری و بەشی دیکەش خزمەتگوزارییە کە خۆی لە دیزاینکردنی خزمەتگوزاری بۆ پەرەستگای لالش دەبینێتەوە، دوو گۆڕەپان بۆ نیشتەنەوە و فڕینی ھەلیکۆپتەر بۆ میوانەکانی ڤی ئای پی کە سەردانی پەرستگاکە دەکەن و دروستکردنی دووسایدێک بۆ لالش و دیواری پاڵپشت و بەشی دیکەی شوێنەواریی و ئاینی و کلتورییە ئەویش پڕۆژەکەی جیایە، ئەوەیان نوژنکردنەوەی شوێنی ئاینی و پاراستنی شوێنەکانە، بۆیە تائێستا ئەوەی ھەیە ھەم نوژەنکردنەوەی شوێنی ئاینییە و ھەم خزمەتگوزاری ٣٠% تەواو بووە لەو بودجەیەی بۆی تەرخانکراوە کە زیاتر لە ٢ملیار دینارە و حکوومەتی خۆجێیی مووسڵ وەکو مافێکی خۆمان بۆی دابینکردووین.


بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار