"کاردەکەین بۆ ئەوەی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک دابنرێت"

کەرکووک_ KDP.info _سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: ئێمە وەکو پارتی لە کەرکووک لەگەڵ یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی کوردین و دەمانەوێت پارێزگارێکی کوردی دڵسۆز دابنرێت بەبێ جیاوازی خزمەتی ھەموو پێکھاتەکان بکات.
حەسەن شێخانی، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی ، ئێمە بەڵێن دەدەین نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی خۆمان دەبین لە کەرکووک و خزمەتیان دەکەین، بۆیە چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی دەکەین، بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆ بکرێت بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک و دەرگای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆ کراوەیە و ھیچ کات دەرگامان دانەخستووە، ھەوڵدەدەین کورد لە کەرکووک یەکدەنگ بیت، ئێمە لەگەڵ یەکدەنگی کوردین و لەگەڵ پێکھاتە و نەتەوەکانی دیکەش دەرگامان بۆ گفتوگۆ کراوە دەبێت، بەڵام زیاتر جەخت لەسەر یەکدەنگی کورد دەکەینەوە.
حەسەن شێخانی گوتیشی، ھەوڵدەدرێت پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک دیار بکرێت .. کەسێکی خەمخۆر و شایستە بێت و خزمەتی پارێزگای کەرکووک بکات، چونکە پشتر تێبینیمان لەسەر پارێزگار ھەبووە بۆیە پێویستە ئەمجارە پارێزگارێک بێت بەبێ جیاوازی خزمەتی ھەموو پێکھاتەکان بکات.
شێخانی باسی لەوەش کرد: دوای دەرچوونی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن لەماوەی ١٥ ڕۆژ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات، لە ھەموو پرسەکانیش کورد ڕۆڵی سەرەکی دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




