٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

پیتەر گالبرێس بە سەربەخۆیی كوردستانەوە گەشبینە

سەرچاوە: KDP.info

خەبات ــ محەمەد زەنگەنە:
پیتەر گالبرێس، نووسەر و رۆژنامەنووسی ناوداری ئەمەریكا، لە لێدوانێكی تایبەت بە خەبات، هەموو ئەو قسە و دەنگۆیانەی رەتكردەوە گوایە ئێستا یان هەركاتێك بێت، راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی و سەربەخۆیی كوردستان شتێكی مەحاڵ بێت، بەڵكو دووپاتیكردەوە ئێستا كاتێكی گونجاوە بۆ ئەم سەربەخۆییە.
گالبرێس لە میانەی بەشداریكردنی لە كۆنفڕانسی بە جینۆسایدناساندنی تاوانەكانی كۆمەڵكوژیی دژ بە كورد، لە لێدوانێكی كورتدا بە خەباتی راگەیاند: سەربەخۆیی كورد شتێكی واقیعی و راستە و ئەو ژینگەیەی ئێستا لە ناوچەكەدا هەیە، هانی ئەو سەربەخۆییە دەدات. گالبرێس نیشانیدا، دەستووری عێراقی فیدراڵ دووپاتی لەسەر یەكبوونی ئارەزوومەندانەی نێوان هەر دوو نەتەوەی كورد و عەرەب كردووە، بەڵام حكوومەتی بەغدا ئەم دەستوورەی فەرامۆشكردووە و ئەو یەكبوونەی نەهێناوەتەدی، بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە كورد بە هەڵبژاردەكانی خۆیدا بچێتەوە و باشترینیان هەڵبژێرێت كە سەربەخۆییە، چونكە بەغدا ئەم كۆنتراكتە سیاسی و كۆمەڵایەتییەی جێبەجێ نەكردووە.
گاڵبرێس ئەوەی ڕەتكردەوە كە ئەگەر كورد سەربەخۆیی راگەیاند ئەوا وڵاتانی دراوسێ شەڕێكی گەورە لە دژی كورد بەرپادەكەن و گوتی: توركیا ئێستا وا خەریكە قەناعەتی بە سەربەخۆیی كوردستان دێت و وەكو جاران بەرامبەر بەو مەسەلەیە توند نییە و ئەم شتە بە مەحاڵ نابینێت، ئەگەر سەیری سووریا بكەین، ئەمڕۆ سووریا چۆنە و لە چ بارودۆخێكدایە؟ ئێران هەروەها كە دراوسێی سووریایە سەقامگیر نییە و شەڕی كەسی پێناكرێت، با بگەڕێینەوە بۆ بەغداش، تاوەكو ئێستا مافی گەلی كوردستانی بە تەواوی نەداوە. گالبرێس دووپاتیكردەوە، ئەگەر گەلی كورد بڕیاری سەربەخۆیی دا و گەلی كورد لەو ریفڕاندۆمەدا ئەو خواستەی هەڵبژارد، ئەوا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئەمەریكاشەوە ناتوانن لەدژی ئەم ویستە بوەستن، ئەمەریكا پاڵپشتیی سەربەخۆیی گەلانی یۆگوسلاڤیای كرد، پاڵپشتیی جیابوونەوەی چیك و سلۆڤاكیای كرد و بێگومان پاڵپشتیی كوردستانیش دەكات.
لەلایەكی دیكەشەوە گاری كینت كە سەرۆكی كۆمەڵەی پاڵپشتیكردنی كوردە لە پەرلەمانی بەریتانیا، لە لێدوانێكی تایبەت بە خەبات دووپاتیكردەوە، ئەم هەنگاوە پێویستیی بە كاری جیددی و بەردەوام هەیە، بەڵام بە مەحاڵی نەزانی. كینت رایگەیاند: ئەم هەنگاوە پێویستیی بە پاڵپشتییەكی گەورەی دەوڵەتانی زلهێز و زامنكردنی هێرش نەكردنی وڵاتانی دراوسێیە بۆ سەر ئەم وڵاتە، بەڵام ئێستا باشترین هەنگاو ئەوەیە، ئێوەی كورد فیدراڵیزم ودیموكراسییەت زیاتر لەو عێراقەدا بچەسپێنن، چونكە دیموكراسی و فیدراڵیزم هەنگاوی یەكەمی هاتنەدیی ئەو ئامانجەیە، ئەمە جگە لەدروستكردنی چەندین لینكی تازە لەگەڵ توركیا لە بواری جیاجیادا بەتایبەتی لەڕووی ئابوورییەوە.
هەروەها گوتی: ئەمڕۆ گوێبیستی پەیامێكی مێژوویی بووین لە سەرۆك وەزیرانی توركیاوە كە چەندین واتا لەخۆ دەگرێت، بۆیە پێویستە ئەو پەیوەندییە قووڵتر بكرێتەوە و ئەزموونی فیدراڵیزمیش لە عێراقدا زیاتر بچەسپێت، ئەمە جگە لە سووریا كە وا دەبینین گۆڕانكارییەكان تیایدا چۆنن. هیواداریشین ئەم پەیوەندییانە لەگەڵ ئێرانیش نزیك بێت و سنووری هەر چوار دەوری كوردستان ئارام و سەقامگیر بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار