ڕانیە.. پردى دەربەند ٩٨%ی تەواو بووە و ساڵى داهاتوو بە ڕووى شوفێراندا دەکرێتەوە

ڕانیە-KDP.info- پڕۆژەى پردى دەربەندى ڕانیە، کە بودجەکەى ١١ ملیار و ٣٨٧ ملیۆن دینارە، کارکردن تێیدا بەرەو کۆتایى دەچێت، بەڕێوەبەرى چاککردنى ڕێگاوبانى ئیدارەى سەربەخۆى ڕاپەڕینیش دەڵێ، پێشبینى دەکەن سەرەتای مانگى ٢ى ساڵى داهاتوو بە ڕووى شوفێراندا بکرێتەوە.
تاریق خدر، بەڕێوەبەرى چاککردنى ڕێگاوبانى ئیدارەى سەربەخۆى ڕاپەڕین، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەى پردى دەربەندى ڕانیە بەردەوامە و ٩٨%ی پڕۆژەکە تەواو بووە، چەند ئیشێکى وردى ماوە، وەک ڕێگاى پیادەڕۆیى سەر پردەکە و چینى کۆتایی پێنچ سانتیمى قیر لە هەردوو سایدەکەى.
ناوبراو گوتیشى: "مانگانە حکوومەت ٥٠٠ تا ٦٠٠ ملیۆن دینار بۆ بەردەوامیى کارکردن لە پڕۆژەکەدا خەرج دەکات، بۆیە پێشبینى دەکەین مانگى ٢ى ساڵى داهاتوو بە ڕووى شوفێراندا بکرێتەوە، ئەمەش بە هۆى ئەوەى وەرزى زستانە و کاتى قیرکردن نییە، ئەگینا زووتر تەواو دەبوو".
دەشڵێ، بە هۆى ئەوەى ڕێژەى ٩٨%ی پڕۆژەکە تەواو بووە، لە کاتى بارینى باران و بەرزبوونەوەى ئاستی ئاو، هیچ مەترسییەک لەسەر پردى دەربەندى ڕانیە نابێت.
پڕۆژەى پردى دەربەندى ڕانیە ٤٢٠ مەتر درێژە و ١٠ مەتر پانە، کە ڕێکەوتی ١٣-١٢- ٢٠٢١ مەسروور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە سەردانیدا بۆ ئیدارەى سەربەخۆى ڕاپەڕین، بەردى بناغەى ئەو پڕۆژەیە و چەندان پڕۆژەى ترى بە گوژمەی دەیان ملیار دینار لەو ئیدارە سەربەخۆیە دانا.
عەزیز ڕەسووڵ




