دژوار فایەق: پرۆسەی قەرەبووی ماددەی ١٤٠ بە سستی بەڕێوەدەچێت
__2023_12_23_h18m35s59__HK.jpg)
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ پێی وایە ئەو پارەیەی بۆ قەرەبووکردنەوەی ھاووڵاتییان دابینکراوە ھۆکاری سستی پرۆسەکەیە و دەڵێ: پێشنیاری پێدانی زەوی لە بڕی پارە باشترە ئەگەر جێبەجێ بکرێت.
دژوار فایەق، نوێنەری ھەرێم لە لیژنەی ماددەی ١٤٠ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق ٤٠٠ ھەزار کەس مافی قەرەبووکردنەوەیان ھەیە، ئەمەیش ژمارەیەکی زۆرە و ئەو بودجەیەی بۆ قەرەبووکردنەوەی ھاووڵاتییان دابینکراوە بەشی قەرەبووکردنەوەکە ناکات، ئەوەیش ھۆکارە چەندین ساڵی دیکە پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی ھاووڵاتییان درێژە بکێشێ و بەخاوی بەڕێوەبچێت.
دژوار فایەق دەشڵێت: ھەرچەندە پرۆسەی قەرەبووکردنەوەی ھاووڵاتییان بەردەوامە و تا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتییان سوودمەندبوونە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ پرۆسەکە بەشێوەیەک بەڕێوەبچێت هێندە نەخایەنێت.
دژوار فایەق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پێشنیارم کردووە بۆ لیژنەی باڵای ماددەی ١٤٠ لە بڕی پارە بە پارچە زەوی ھاووڵاتییان قەرەبوو بکرێنەوە بە مەرجێک پارچە زەویەکە نرخەکەی لە ١٠ ملیۆن کەمتر نەبێت، چونکە دەبێتە ھۆی ئەوەی لە کاتێکی زوودا ھاووڵاتییان سوودمەندبن و چاوەڕێی بودجەی ساڵانە نەکرێت، تا ڕادەیەکیش سەرۆکی لیژنە بەڕێز ھادی عامری لەسەر پێشنیارەکە ڕەزامەندە.
قائید میرۆ




