مۆڵەتهكانی وەبەرهێنان زیاتر لە 10 هەزار هەلی کاریان ڕەخساندووە

ههولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پرێس كۆنفرانسێكدا، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، کە لە ماوەی ئەمساڵدا 151 مۆڵەتی پرۆژەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بە کەرتی تایبەت دراوە، گوتیشی، كە 2023 ساڵی نموونەیی وەبەرهێنانە.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، کە لە ساڵی 2006وە تاوەکوو ئێستا، ئەمساڵ یەکەمین ساڵە، کە بەم ڕێژە بەرزە پێدانی مۆڵەت تۆمار بکرێت.
گوتیشی: ئێستا سەرمایەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 47 ملیار دۆلارە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، کە ئەو مۆڵەتانەی ئەمساڵ لە وەبەرهێنان دراونەتە کەرتی تایبەت بۆ وەبەرهێنان، زیاتر لە 10 هەزار هەلی کاریان لەنێو خەڵكی کوردستان ڕەخساندووە، بەپێی فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، دەبێ 75%ی هەموو ئەو کرێکار و کارمەند و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیارانەی لە پرۆژەکان كار دەكەن، خەڵکی هەرێمی کوردستان بن.
محەمەد شوكری جەختیشی لەوە كردەوە، کە زۆربەی هەرەزۆری ئەو مۆڵەتانەی دراون بە کەرتی وەبەرهێنان لەم ساڵە، لە بواری پیشەسازیدا بوونە و ئێستا پرۆژەکانی شوقەی کرێچییەکان دەستی پێکردووە، دەشیانەوێت بۆ هەریەک لە پێکهاتەکان، لەنێویاندا پێکهاتە ئایینییەکانی مەسیحی و ئێزدییەکانیش شوقە و یەکەی نیشتەجێبوونی تایبەت بە خۆیان دروست بکرێت. ئەوە سەرباری کارکردن لە پڕۆژەکانی ناوچەی پیشەسازی لە دهۆک و زاخۆ و گەرمیان و سلێمانی.




