٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەکرەم ساڵح: خەڵکی دوزخورماتوو نیشتمانپەروەرن و دەنگ بە کاندیدی پارتی دەدەن

سەرچاوە: KDP.info

گەرمیان_KDP.info_ بەرپرسی لقی ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان گوتی: لەبەر ئەوەی لە کۆی ١٠ قەزا لە سەڵاحەدین تەنھا یەک قەزا کوردن، بۆیە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی بەشداریمان لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین کردووە و ئومێدێکی زۆرمان بە خەڵکی نیشتمانپەروەری دوزخورماتوو ھەیە کاندیدەکەمان سەرکەوێت.

ئەکرەم  ساڵح، بەرپرسی لقی ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین لەکۆی ١٠ قەزا تەنیا قەزای دوزخورماتوو کوردە، بۆیە تایبەتمەندی خۆی ھەیە و وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان ھاوپەیمانیەتیمان لەگەڵ لیستی حەسم نیشتمانی ھەیە بە ژمارە  ٢١٩ کە لەو لیستە کاندیدێکمان ھەیە بە ناوی (ماموستا تارا جەلال حەمید) ژمارەی ١٢یە و ھەڤاڵانمان لەو ماوەیە کاری زۆر باشیان کردووە و ھەوڵی باشیان داوە، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆ یەکەم جار ئۆفیسێکمان لە دوزخورماتوو کردووەتەوە و بەردەوام چالاکی و سەردان ئەنجام دەدرێت و خەڵکیش بەگشتی پێشوازی باش لە کاندیدی ئێمە دەکەن و بە گەڕانەوەی پارتیش بۆ ئەوشارە دڵخۆشن.
ئەکرەم ساڵح گوتیشی: پاڵپشتی و پشتگیرییەکی باش لە کاندیدی ژمارە ١٢ی لیستی ٢١٩ی حەسمی نیشتیمانی دەکرێت، بۆیە ئومێدێکی زۆرمان ھەیە کاندیدەکەمان سەرکەوتن بەدەست بێنێت و بتوانێت لەڕێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین خزمەتی خەڵکی خۆمان لەقەزای دوزخورماتوو بکات، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ھەوڵێکی خۆمان خستۆتە گەڕ و خەڵکی دوزخورماتووش وەڵامێکی باشیان بۆ داواکاری ئێمە بۆ سەرکەوتنی کاندیدەکەمان ھەیە، چونکە ھەست بە بەرپرسیاریەتی نیشتمانی و کوردایەتی دەکەن و پێیان وایە پێویستە کورد بچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگ بە کورد بدەن و دەزانن ئەو ھەڵبژاردنە پەیوەستە بە چارەنووسی ئەو ناوچانەوە، بۆی بەپەرۆشن دەنگ بە کورد بدەن، ئەمەش ھاوکار دەبێت بۆ ئەوەی کاندیدی ئێمە دەنگی باش بەدەست بێنێت و سەرکەوێت بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، چونکە خەڵکی دوزخورماتوو خەڵکێکی کوردپەروەر و نیشتمانپەروەرن.

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار