٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ KDP: ھەر جووتیارێک ناوی خۆی تۆمار نەکات بێبەش دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ناوەڕاستی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ تۆمارکردنی جووتیاران و ھەر جووتیارێک خۆی تۆمار نەکات، لە پرۆسەی وەرگرتنی بەرھەمی دانەوێڵە لە ساڵی داھاتوو بێبەش دەکرێت.

ھیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی جووتیاران بەردەوامە و رۆژی ١٥ی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ تۆمارکردنی ناوی جووتیاران، ھەر جووتیارێکیش ناوی خۆی تۆمار نەکات، بێبەش دەکرێت لە پرۆسەی وەرگرتنی دانەوێڵە لە ساڵی ئایندە، چونکە بەپێی ئەو تۆمارە نوێیە بەرھەمی گەنمی ساڵی داھاتوو لە جووتیاران وەردەگیرێت و بە پێچەوانەوە جووتیار مافی نامێنێت".

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی: "ھەموو ئەو ناوانەی تۆمار دەکرێن، دەخرێنە سەر لیستی وەزارەتی بازرگانیی عێراق و ھەر جووتیارێک رووبەری زەوییەکەی چەندە و بەرھەمی چەند داچاندووە دەکرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی بەرھەمی ساڵی داھاتوو، دوای کۆتاییھاتنی پرۆسەکە ژمارەی ئەو جووتیارانە دیار دەبێت کە خۆیان تۆمار کردووە، چونکە ئێستا پرۆسەکە بەردەوامە و دوا ئامار نەگەیشتووەتە لای ئێمە".

ھیوا عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "لە ھەرێمی کوردستان شەش ملیۆن دۆنم زەوی بۆ دانەوێڵە ھەیە، بەڵام ساڵی رابردوو تەنیا دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆنم داچێندرابوو، ئەمساڵیش وەرزی چاندن لەلایەن جووتیارانی ھەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکردووە".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار