٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بابان: ئەگەر ھەڵبژاردن بۆ عێراق جارێک گرینگ بێ بۆ کورد دەجار گرینگە

سەرچاوە: KDP.info

شڕۆڤەکارێکی سیاسی پێی وایە، ئەگەر ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان جارێک بۆ عێراق گرینگ بێت دەجار بۆ کورد گرینگە، دەشڵێ: گەڕانەوە و سەرکەوتنی پارتی لەو ناوچانە سەرکەوتنی کوردە بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات.

ئاشنا بابان، شڕۆڤەکاری سیاسی بەمماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەگەر ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ عێراق جارێک گرینگ بێت ئەوە بۆ کورد دەجار گرینگە، پێویستە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ ھەموو شتێکی خۆیان وەلا بنێن و تەنیا ھەستی نەتەوەیی خۆیان بەکار بێنن بۆ ئەوەی کورد زۆرترین کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەدەست بێنێ، بەتایبەتی لە کەرکووک و نەینەوا، دەنگی کورد سەنگی مەحەکە بۆ گەڕانەوەی ھێزی کورد لەو ناوچانە بەتایبەتی لە کەرکووک.

ئەو شڕۆڤەکارە سیاسییە دەشڵێت: ئەو ڕووداوانەی لە شەڕی داعشەوە تا دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەو ناوچانە ڕوویانداوە کۆمەڵێک بابەتی دەروونی لای ھاووڵاتییان دروست کردووە و جۆرە ترسێکی دروست کردووە و کاریگەری ھەیە، ھەتا ئەو کێشانەی بەھۆی داگیرکاری و ھێنانی حەشدی شەعبی و چەندین کێشەی دیکە لەسەر سندوقەکانی دەنگدان یەکلا دەبنەوە، ھەڵبژاردنی ١٨ی ئەم مانگە لە پارێزگایەکی وەکو کەرکووک جۆرێکە لە ڕاپرسی و ڕێژەی کورد دیار دەبێت، لەبەر ئەوە گرینگە کورد بەشداربێت لە ھەڵبژاردن.

ئاشنا بابان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ئەرکی سەرشانی ھەموو تاکێکی کوردە ڕۆژی دەنگدان بچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئێمە لەبەردەم پرۆسەیەکی گرینگین و گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکووک گەڕانەوەی دەسەڵاتی کوردە بۆ کەرکووک و سەرکەوتنی لیستی پارتیش لە ھەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ کورد پێویستە، چونکە پارتی دەتوانێت دەسەڵات بۆ کورد بگەڕێنێتەوە و بەرگری لەو ناوچانە بکات.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار