سەرۆکی لیستی پارتی لە کەرکووک: لەگەڵ هێزە هاوبەشەکان بەردەوام دەبین تا دەستبەکار دەبن

کەرکووک_KDP.info_ کاندیدی ژمارە 1ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: لەگەڵ هێزە هاوبەشەکان بەردەوام دەبین تا دەستبەکار دەبن، لەپێناو خەڵکی خۆشەویستی کەرکووک بۆ ئەوەی پارێزگارییان لێ بکەن و بۆشایی ئەمنی پڕبکەنەوە، دەشڵێت: خەڵکی ناو لایەنەکانی دیکە بەلێشاو دێنە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان.
کاندیدی ژمارە 1ی لیستی 197ی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک حەسەن مەجید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بە هەوڵی نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەتایبەت جێگری سەرۆکی پەرلەمان دکتۆر شاخەوان عەبدوڵا توانرا کارەکانی دەستبەکاربوونی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەواو بکرێت و لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیان پێش دوو ڕۆژ ئێمە لەگەڵیان بووین و گواستماننەوە بۆ شوێنی مەشق و ڕاهێنان و بەردەوامیش لەگەڵیان دەبین تاوەکو لەو ناوچانەی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆشایی ئەمنی هەیە بڵاوەیان پێدەکرێت، چونکە ئەوە بە ئەرکی خۆمان دەزانین.
دەشڵێت: دەست بەکاربوونی ئەو هێزە زۆر گرنگە بۆ ناوچە کوردستانییەکان و چیتر ڕێگە نادرێت تەعدا لە کورد بکرێت و گرفتی ئەمنی دروست بێت و زەویوزاری جووتیاران داگیر بکرێت، لەو ناوچانەی پێویستن جێگیر دەکرێن ، چونکە هێزەکە زۆرە ، بۆیە دوای مەشق و ڕاهێنان بە فەرمیی دەستبەکار دەبن و چارەسەری ئەو بۆشاییە ئەمنییە دەکات لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە.
حەسەن مەجید گوتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان بەپێی پلان و بەرنامەی دانراو بانگەشە بەردەوام دەکات و ئێستا بانگەشە زۆر گەرموگوڕ بووە و خەڵکیش زۆر باش پێشوازی لە پارتی دەکەن و خەڵکی لایەنەکانی دیکەش بەلێشاو دێنە ناو پارتی، من پێش چەند ڕۆژێکە سەردانی گوندێکی سنووری کەرکووکم کرد کە خاوەن 20 شەهیدن و سەر بەلایەنێکی دیکە بوون و هاتنە ناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، تەنها گەنجەکانیان 67 کەس بوون، بۆیە پشتیوانی دەربڕین لە لایەن خەڵک بۆ لیستی پارتی بەردەوامی هەیە و خەڵکێکی دیکەش بەڕێوەیە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەوانیش بەفەرمیی دێنە ناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
بڵند ئیبراهیم




