٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە کەرکووک لە هەڵبژاردنێک لەناو زیاتر لە 3هەزار کەس کاندیدێکی پارتی پلەی یەکەمی بەدەست هێنا

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک_KDP.info_ بەرپرسی ڕێکخراوی پارتی دیموکراتی کوردستان سەر بە لیژنەی ناوچەی زانکۆ لە کەرکووک گوتی: لە کۆمپانیای غازی باکور  شەش ساڵ جارێک هەڵبژاردن دەکرێت لە نێوان هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان و حزبە کوردییەکان و لەم هەڵبژاردنە  کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان توانی پلەی یەکەم بەدەست بێنێت، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە   گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک کاریگەری زۆری هەبووە و هەموو پێکهاتەکانیش پێیان خۆشە و قبوڵیانە پارتی برا گەورە بێت، ئەو کاندیدەی ئێمە لەو کۆمپانیایە هەموو دەسەڵاتێکی دەبێت و دەتوانێ نووسراو ڕاستەوخۆ بۆ وەزیری نەوتی عێراق بکات.

مامۆستا ئاڵان بەهائەدین داود ، بەرپرسی ڕێکخراوی پارتی دیموکراتی کوردستان سەر بە لیژنەی ناوچەی زانکۆ لە کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پێنج ساڵ جارێک لە کۆمپانیای غازی باکوور سەر بە وەزارەتی نەوتی  عێراق  هەڵبژاردن دەکرێت و 3هەزار و100فەرمانبەری تێدایە، لەوانە تەنیا 500 فەرمانبەر کوردن ، لەو هەڵبژاردنە 2هەزار و 100 کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد و ڕێژەی کوردیش لەوانەی دیکە کەمتر بوو، لە سەرجەم نەتەوەکان 20کەس خۆی کاندید کردبوو، عەرەب، تورکمان، شیعە، سونە و حزبە کوردییەکان و یەکێتیش بە پێنج کاندید بەشداربوو، ئێمەش وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان (ئەندازیار محەمەد سەعدوڵامان) کاندید کرد، توانی پلەی یەکەم بەدەست بێنێت بە 747دەنگ ، بۆیە ئەمە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ ئێمە، ئەوەش دوای  گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکووک دێت کە چەند کاریگەری هەبوو لەسەر کەرکووک لە کۆمپانیایەکی وا گەورە و گرنگ کاندیدی پارتی پلەی یەکەم بەدەست بێنێت.
ماموستا ئاڵان گوتیشی: ئەوە دەیسلمێنێت هەموو پێکهاتەکان پێیان خۆشە پارتی دیموکراتی کوردستان براگەورەییان بکات، چونکە بەرپرسی کۆمپانیاکەش لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە ، بۆیە بە دەرچوونی کاندیدەکەمان دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێری کۆمپانیاکە و دەسەڵاتی تەواوی لەو کۆمپانیایە دەبێت و دەتوانێت بەرگری لە کورد بکات و خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی دیکەش بکات کە دەریدەخات هەموو پێکهاتەکان پێیان خۆشە پارتی خزمەتیان بکات، چونکە پارتی هەمیشە بڕوای بە پێکەوەژیان هەیە، بۆیە ئەو کاندیدەی ئێمە بە جۆرێک دەسەڵاتی دەبێت دەتوانێت ڕاستەوخۆ  نووسراو بۆ وەزیری نەوت بکات.

بڵند ئیبراهیم 

هەواڵی پەیوەندیدار