لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی 16هەمین خولی بارزانیی نەمر بەڕێوە دەچێت

هەولێر-KDP.info- سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، سبەی لە ژێر دروشمی مرۆڤدۆستی و ژینگەپارێزی، لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی 16هەمین خولی بارزانیی نەمر لە پارێزگای هەولێر بەڕێوە دەچێت.
مەیسەر نەهێلی، سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی 16هەمین خولی بارزانیی نەمر لە پارێزگای هەولێر لە ژێر دروشمی مرۆڤدۆستی و ژینگەپارێزی بەڕێوە دەچێت، ئەمەش دوای ئەوەی 26 تیپ لە یارییەکانی پاڵاوتن سەرکەوتن، سبەی لە یاریگای بارزانیی نەمر مەراسیمی کردنەوەی خولەکە بەڕێوە دەچێت لە ژێر چاودێریی نووسینگەی مەلا مەستەفا بارزانی، کە ساڵانە ئەو خولە دەکرێتەوە بۆ گەنجان و لاوانی خۆمان لە هەرێمی کوردستان، کە دەمانەوێت لەو رێگەیەوە خزمەتێک بە لاوانی خۆمان بکەین".
نەهێلی گوتیشی: "ئەمە 16هەمین خولی بارزانیی نەمرە و هەموو ساڵێک بەڕێوە دەچێت، بەڵام پڕۆژەیەکمان ئامادە کردووە کە فراوانتر بکرێت و ببێتە فێستیڤاڵی ساڵانەی وەرزشی، کە هەموو جۆرە یارییەکی وەرزشی تێدا بەڕێوە بچێت، بۆیە پڕۆژەکەمان پێشکەش کردووە و دڵنیام سەردەگرێت و پڕۆژەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی هەموو گەنج و لاوانی ئێمە لە هەموو بوارەکانی وەرزشی کە توانا و بەهرەیان هەیە، بتوانن بەشداری تێدا بکەن و تەنها یاری تۆپی پێ نەبێت، چونکە ئامانجی ئێمە لەو کارە ئەوەیە، بتوانین خزمەتی لاوانی خۆمان بکەین".
دەشڵێت: "سبەی دوای مەراسیمی کردنەوەی خولەکە، یارییەکان دەست پێدەکەن و بەردەوام دەبن، چاوەڕێش دەکرێت تاوەکو مانگێک درێژە بکێشێت".
بڵند ئیبراهیم




