کاندیدی ژمارەی 3ی پارتی لە نەینەوا: پارتی یەکەم دەبێت
__2023_11_08_h17m13s30__HK.jpg)
کاندیدی ژمارەی 3ی لیستی 197ی پارتی لە نەینەوا ئاشکرایکرد، ئەمجارەش پارتی پلەی یەکەم بەدەست دێنێ لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، دەشڵێ: ھەموو ھەوڵێک دەدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا عەدالەت بچەسپێنین.
ئەندازیار ئەحمەد کیکی، کاندیدی ژمارە 3ی پارتی لە نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن ئوفیسمان لە سەنتەری مووسڵ و دەوروبەری کردووتەوە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن و رۆژانە دەچینە نێو خەڵک بۆ ئەوەی پەیامی پارتی بە دەنگدەرانی سنووری پارێزگای نەینەوا بگەیەنین، ھەموو ناوچەکانی نەینەوا دەگەڕێین بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بۆ پارتی کۆ بکەینەوە، چونکە بۆ ئێمە گرینگە پارتی سەرکەوێت نەک کاندید، لەبەر ئەوەی ھەموو کاندیدانی پارتی سیاسەتی پارتی جێبەجێدەکەن ئەویش خزمەت کردنی ھاووڵاتییانە.
کاندیدی ژمارەی 3ی پارتی لە نەینەوا گوتیشی: سوپاسی ئەو ھەموو پێشوازییەی خەڵکی نەینەوا دەکەین بۆ لیستی پارتی، ئێمەیش وەک کاندیدانی پارتی بەڵێنیان پێ دەدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا جێی متمانەی ئەو دەنگدەرانەبین کە متمانە بە پارتی و کاندیدانی دەدەن، بەتایبەتی بەندە .. بەڵێنم بە دەنگدەران داوە عەدالەت بچەسپێنین لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.
ئەندازیار ئەحمەد کیکی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: پارتی ئەو ھێزەیە لە نەینەوا ڕکابەری نییە، چونکە خاوەن پێگەیەکی جەماوەری بەرفراوانە، لەبەر ئەوەیش پێشبینی دەکەین لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە نەینەوا لیستی 197ی پارتی پلەی یەکەم بەدەست بێنێ.
قائید میرۆ




