٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هێلکە و پەلەوەر هەناردەی دەرەوە دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر_KDP.info_ بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: ئێستا لە هەرێمی کوردستان  پڕۆژەی هێلکە و پەلەوەر زۆر زیادی کردووە.

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فیراس سدیق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پێشتر لە هەرێمی کوردستان 11 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکەمان هەبوو ڕۆژانە نزیکەی 3بۆ4هەزار کارتۆن هێلکەی بەرهەم دەهێنا، ئێستا ژمارەیان بووەتە 39 پڕۆژە و بەرهەمیش گەیشتۆتە 14 هەزار کارتۆن هێلکە لە ڕۆژێکدا، خواستی هەرێمی کوردستان رۆژانە حەوت هەزار کارتۆن بوو ئێستا 14هەزار کارتۆنە، دووقاتی پێداویستی ناوخۆ زیادی کردووە، ئەویش هەناردەی ناوەڕاست و عێراق دەکرێت، بەڵام زۆر جار ڕێگریمان دەکرێت.
فیراس سدیق گوتیشی: پڕۆژەکانی پەلەوەریش پێش کابینەی نۆیەم 510 پڕۆژەمان هەبوو و ئێستا هەزار و 908 پڕۆژەمان هەیە، بەرهەمیش پێشتر 135هەزار تەن گۆشت بوو، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 147هەزار تەن بوو، پێویستی ناوخۆی پڕ نەدەکردەوە، ئێستا بۆتە 265  هەزار تەن بەرهەمی گۆشتی مریشکمان هەیە، ئەوەی زیادەبێت بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق هەناردە دەکرێ، بەڵام زۆر جار گرفتمان بۆ دروست دەکرێت، بۆیە لەسەر ئاستی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت بیر لەوە کراوەتەوە هاوشێوەی هەنار بتوانین هێلکە و مریشک هەناردەی ئیمارات و ڵاتانی دیکە بکرێت و بازاڕی لە دەرەوە بۆ بدۆزینەوە.
سدیق باسی لەوەشکرد: لە بواری کارگەکانی ئالیکیش 35 پڕۆژەی کارگەی ئالیکمان هەبوو، ئێستا زیادی کردووە و گەیشتووەتە 42 پڕۆژەی ئالیک، بەرهەمیش لە ههر کاتژمێرێک 935 تەنە، بۆیە لەم کابینەیەدا هەنگاوی باش نراوە و هەم پڕۆژە و هەمیش بەرهەم زیادی کردووە.
بەرهەمی هەرێمی کوردستان متمانەی باشی بەدەستهێناوە بۆیە خواستی زۆری لەسەرە، تا بەرهەمی هەرێم هەبێت هاووڵاتییان بەرهەمی هەرێم بەکار دێنن و دەیکڕن، بۆیە زۆر جار بەرهەمی ئێمە قەدەغەدەکەن، بۆ ئەوەی بەرهەمی ئەوان ساخبێتەوە.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار