٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رێباز حەملان: دەمانەوێ لە چوارچێوەی دەستوور کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین

سەرچاوە: KDP.info

ڕۆژی یەکشەممە لقی ٦ی پارتی لە ئەوروپا وێبنارێکی بۆ ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئابووری سازکرد و تێیدا ناوبراو بە وردی تیشکی خستە سەر چەندین پرسی پەیوەست بە بابەتە داراییەکان.

لەسەرەتای قسەکانیدا ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەت گوتی: لە کابینەی نۆدا دوای دەست بەکاربوونی سەرۆکی حکوومەت لەبەردەم پەرلەمان ئاشکرایکرد: دەیەوێ ژێرخانێکی پتەو بۆ کوردستان دروست بکرێت و تەنیا پشت بە داھاتی نەوت نەبەسترێت، لەو چوارچێوەیەشدا حکوومەتی ھەرێم ھەوڵیداوە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەر بکات،  بەتایبەتی کێشەکانی پەیوەست بە پشکی بودجە و شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان.

یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" ئێستا حکوومەتی فیدڕاڵ تەنھا دان بە ٦٨٢ ھەزار فەرمانبەری ھەرێمدا دەنێت کەچی ھێشتا نزیکەی ٥٧٠ ھەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری دیکە ھەن و بەغدا ئامادە نییە مووچەکانیان خەرج بکات، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٠٨ ھەزار خانەنیشیمان ھەیە مووچەی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستی تایبەتیش ژمارەیان زۆرە و لە وەزارەتی دارایی ھەرێم مووچەیان بۆ دابینکراوە.


ڕێباز حەملان دەڵێت: عێراق دەڵێ لەبەر ئەوەی ناتوانین مووچەی مانگەکانی ٧ و ٨ بنێرین کێشەی پارەی نەختینە سیولە مان ھەیە، بەڵام وانییە لەبەر ئەوەی عێراق ١٢٠ ملیار دۆلاری یەدەگی لە بانکی ئەمریکا هەیە لەگەڵ ١٣٥ تۆن زێڕی یەدەگ.

ڕێباز حەملان پێی وایە سەردانی سەرۆکی حکوومەت مەسروور بارزانی بۆ بەغدا بە ئامانجی بەدەستهێنانی مووچەی مانگەکانی ٧و ٨ بوو کەچی بەغدا ئامادە نییە مووچەی ئەو دوو مانگە دابین بکات، بەداخەوە دادگای پاریس لە ساڵی ٢٠١٤ سکاڵای لەسەر نەوتی ھەرێم کردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣ بڕیارەکەی دەرکرد، چونکە ئەوکاتە ئێمە ڕەوشمان باش نەبوو، ئێمە کەوتووینەتە دووڕیانێک نە ڕێگە دەدرێت سەربەخۆبین نە وەک عێراقیش مامەڵەمان لەگەل دەکرێت، ئێمە وەک پارتی ھەرگیز ناھێڵین کوردستان بکەوێت و بەرگەی زۆر قەیرانمان گرتووە و بەرگریمان لە خاک و خەڵکی کوردستان کردووە.

لە کۆتایی قسەکانی دا ڕێباز حەملان ڕوونی کردەوە: بەھۆی پابەندنەبوونی حکوومەتی فیدڕاڵ بە ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان کێشەی زۆرمان لەگەڵیان ھەیە، ماوەی دوو ساڵە پەیوەندییەکی دروست لە نێوان ھەردوو دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم و بەغدا ھەیە و لە ساڵی ڕابردوو ھەموو ڕاپۆرتەکانی خەرجی و داھاتی نەوت پەسەندکراون، ئێمە مانگانە تەنیا بۆ مووچە پێویستمان بە ٩٤٠ ملیار دینارە، سەرباری خەرجی بەکاربردن، بەڵام ماف و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە مانگانە زیاتر لە یەک ترلیۆن و ٣٧٤ ملیار دینارە.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار