وەزارەتی کشتوکاڵ: هەر جووتیارێک خۆی تۆمار نەکات لە لێوەرگرتنی بەرهەمەکەی بێبەش دەبێت
__2023_10_17_h15m49s44__ER.jpg)
هەولێر_KDP.info_ بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: هەر جووتیارێک ناوی خۆی لە فەرمانگە کشتوکاڵییەکان تۆمار نەکات کە ئەمساڵ چەند دۆنم عەرد دادەچێنێت، دواتر لە کاتی وەرگرتنی بەرهەم لە سایلۆکان بێبەش دەبێت.
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: هەر جووتیارێک پێویستە لە سنووری خۆی لە فەرمانگە کشتوکاڵییەکان ناوی خۆیان و پانتایی ئەو زەوییەی دایدەچێنن تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی ناویان بچێتە پلانی کشتوکاڵی و لە کاتی پێگەیشتنی گەنم لە سایلۆکان گەنمیان لێ وەربگرن، ئەگەر ناویان تۆمار نەکەن لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی دەبن، لەبەر ئەوەی ساڵانە لە عێراق باس لەوە دەکەن هێندە دۆنم زەوی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێتە گەنم، بۆ ئەوەی سایلۆش حیساباتی خۆی بکات.
کەریم سلێمان گوتیشی: ناو تۆمارکردن لە فەرمانگەکانی ئێمە بۆ هەردوو بابەتی داچاندنی گەنم بە بەراو و بە شێوەی دێمی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، بۆیە حیساب بۆ ئەوە دەکرێت لە لایەن وەزارەتی بازرگانی و سایلۆکان ئاخۆ دەتوانن چەند گەنم وەربگرن، بەڵام ئەوەی تۆماری نەکات دەکەوێتە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی و ڕێگەیان پێنادرێت گەنم ڕادەست بکەن.
گوتیشی، پێویستە هەر جووتیارێک بچێتە فەرمانگە کشتوکاڵییەکان و باسی زەوی خۆی بکات و بۆیان دیاری بکات چ جۆرە زەوییەکە و چەند دۆنمە و بە بەڵگەوە بیسەلمێنێت.
بڵند ئیبراهیم




