ڕاگەیاندنی پارتی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ڕادیۆی دهۆک دەکات

هەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا ساڵیادی دامەزراندنی رادیۆی دهۆک پیرۆز دەکات.
دەقی پەیامەکە:
بەڕێزان / بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و هونەرکاران و سەرجەم کارمەندانی رادیۆی دهۆک، بە بۆنەی (٣١) یەمین ساڵیادی دامەزراندنی (رادیۆی دهۆک) پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی هێژا و بیسەرانی ئازیزی رادیۆکەتان دەکەین، ئومێدەوارین بۆ ساڵی داهاتوو لە هەموو روویەکەوە بەرەو پێش بچن و زیاتر خزمەتی بواری راگەیاندن و خواست و ویستی هاووڵاتیان بکەن.
(رادیۆی دهۆک) لەو ماوەی تەمەنی کارکردنیدا لە رێی گەیاندنی پەیامە گرنگەکەی و بەرجەستەکردنی ئەرک و پلانەکانی، بێوچان رۆڵی دیار و بەرچاوی هەبووە لە داکۆکیکردن لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان، هەروەها کاریگەریی هەبووە بەسەر کۆمەڵگە و ژیانی گشتیی هاووڵاتیان لەو دەڤەرە رەنگینەدا.
لەو دەرفەتەدا وێڕای ئەوەی کار و کارنامەی ئێوە بەرز دەنرخێنین، پاڵپشتی و پشتیوانیی خۆمان بۆ زیاتر پێشکەوتنی (رادیۆی دهۆک) دووپات دەکەینەوە و دڵنیاشین لەوەی لە نێو لێشاوی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و دەزگا پێشکەوتووەکانی بواری میدیایی، رۆڵی رادیۆ بە گشتی گرنگتر و سەرنجڕاکێشتر دەبێ و پانتایی جەماوەری بیسەرانی بەرفراوانتر و زیاتر دەبێ.
جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێ دەکەین و هەر بەردەوام و سەرکەوتوو بن.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣




