٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئه‌مساڵ به‌نداوی به‌ستۆره‌ باراناوی تێدا کۆ دەکرێتەوە و بە شەو و ڕۆژ کاری تێدا دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- وەکو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و زیادکردنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باکووری شاری هەولێر و لە شارەدێی بەستۆرە، بەنداوێک بۆ گلدانەوەی باراناو دروست دەکات.

پرۆژەی بەنداوی بەستۆرە لە لایەن کۆمپانیای ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت، کە هەلی کاری بۆ 150 کەس ڕەخساندووە و بە شەو و ڕۆژ کاری تێدا دەکرێت و بڕیار وایە لە نێوەڕاستی ساڵی داهاتوو تەواو بکرێت.

شێرکۆ محەممەد، سەرپەرشتیاری حکوومی لە پڕۆژەکەدا، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: "حکوومەتی هەرێم گرنگیی زۆری بە سەرچاوەکانی ئاو داوە، چونکە پەی بە مەترسیی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا بردووە، لێرە تەنیا بەنداو دروست ناکەین، بەڵکوو پەرە بە شارەزایی و سەرچاوەی مرۆییی ئەم بوارە دەدەین، بۆیە نەخشەسازی و پشکنین و سەرپەرشتی و بەڵێندەرایەتییەکەشی هەمووی خۆوڵاتینن."

ئەم بەنداوە لە جۆری خاکییە و بەرزییەکەی 30 مەترە و پانییەکەی 180مەترە، درێژییەکەشی دەگاتە 630 مەتر و لە سەرەتای بارانبارینی ئەمساڵەوە باراناوی تێدا کۆ دەکرێتەوە.

بەنداوەکە دەتوانێت 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لەخۆ بگرێت و ڕووبەری کۆکردنەوەی ئاوی باراناویشی دەگاتە 108کیلۆمەتر چوارگۆشە، کە کاریگەریی لەسەر زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی و بەراوکردنی هەندێک ناوچە دەبێت؛ هەروەها دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و سەرچاوەی گەشەکردنی بەرهەمی ماسی.

سەرپەرشتیاری پرۆژەکە گوتیشی: "ئومێد دەکەین ئەم پرۆژەیە لە ماوەی ساڵیک کەمتردا تەواو بکەین، لە کاتێکدا پێشووتر نزیکەی سێ ساڵ بۆ پرۆژەیەکی وا پێویست دەبوو، چونکە ئێمە سیستەم و ئامێری تازە بەکار دێنین؛ 24 کاتژمێر کاری تێدا دەکرێت و بە تەواوبوونی، خزمەتی باش بە گەشتیاری و سامانی ماسی و کشتوکاڵی و هەلی کار دەکات."

لە چوار ساڵی ڕابردوودا، کابینەی نۆیەم بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی لەسەر سامانی ئاو، پلانی فرەلایەنی بۆ بەنداوسازی و پۆندسازی خستە گەڕ و دەیان بەنداو و پۆندی دروست کردووە و دەیانی دیکەش لە تەواوبووندان.

هەواڵی پەیوەندیدار