کشتوکاڵی دهۆک: ئامادەکاری بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی دیکە دەکرێت

دهۆک _KDP.info_ بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک ئاشکرایکرد: چەندین جۆری بەرهەم هەناردە دەکرێت و ئامادەکاری بۆ بەرهەمی دیکەش دەکرێت، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک کراوە، بڕیارە ئەمساڵ سێویش هەناردە بکرێت.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کارکردن بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆ بەردەوامە و ئێستا چەندین جۆری بەرهەم هەناردە دەکرێت، وەکو برنج، سماق، تەحین و پەتاتە، ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ هەناردەکردنی هەنگوین و سێو، گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە خەریکە سێو لە جووتیاران بکڕێت و ئامادەی بکات بۆ هەناردە کردن.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک گوتیشی: ئامادەکاری تەواو دەکرێت بۆ هەناردەکردنی بەرهەم بۆ دەرەوە، ئامانجیش ئەوەیە بەرهەمی جوتیارانی خۆمان ساغبکەینەوە ، چونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات، بۆیە ئێستا خەڵکێکی زۆر ڕووی لە کەرتی کشتوکاڵ کردووە.
لەماوەی ڕابردووشدا لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەی بەرهەمی ناوخۆ پەتاتەی کوردستان هەناردەی دەرەوە کراوە، تا ئێستاش بەردەوامە.
ئەمڕۆش لە پارێزگای دهۆک16هەمین فیستڤاڵی ترێ و هەنگوین بەڕێوەچوو.
بڵند ئیبراهیم




