"پێویستە سەرجەم لایەنەکان پشتگیری له حکوومەتی هەرێم بكهین"

هەولێر_KDP.info_ جێگری خولی پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکوومەت و بەشداری لایەنەکان و پشتگیری زۆرینەی فراکسیۆنە کوردییەکان بۆ بەغدا هەنگاوێکی گرنگ بوو، بۆیە پێویستە هەموو لایەنەکان پشتگیری لە حکوومەت بکەین و بەیەک دەنگ داوای مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بکەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو کێشانەی هەنە بنبڕبکرێن و چارە بکرێن نەک هەر چەند مانگ جارێک دووبارە ببێتەوە، بۆیە ئەمەش بە یەکدەنگی سەرجەم لایەنەکان دەکرێت.
جێگری خولی پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا وابەستەیە بەخۆمانەوە، ئێمە بۆ خۆمان هەبین بەغداش بۆ ئێمە دەبێت، بۆیە ئێمە ناوماڵی خۆمان ڕێکخەین و هەموومان دەستباری حکوومەتی هەرێم بین بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەکانمان لە بەغدا وەربگرین، دەتوانین ئەوکات کارێک بکەین، بەڵام ئەگەر لەناوخۆمان یەک نەبین و ناکۆک بین ئەم بارودۆخە باش نابێت، ڕاستە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا توانی مووچەی سێ مانگ بۆ مووچەخۆران دابین بکات، بەڵام نازانرێت دوای ئەوە چی دەبێت، بۆیە ئەگەر ئێمە یەکگرتوو نەبین بەغداش لەگەڵ ئێمە بەو شێوەیە نابێت و ساف نابێت، چونکە چەندین جارە دەنگدان لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە کارنامەی کۆبوونەوە دەردەهێندرێت، ئەوەش ئەوە دەردەخات نەفەسی شۆڤێنی لای پەرلەمانتارانی عێراقی و هەندێک لایەنی سیاسی هەر ماوە، بۆیە باشترین ڕێگا ئەوەیە لەنێوان خۆمان بگەینە ڕێککەوتن و بەیەکەوە داوای مافی خۆمان لە بەغدا بکەین، لەو ڕێگایەوە دەتوانین بەسەر بەشێک لە تەنگ و چەڵەمەکان سەرکەوین.
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد گوتیشی، چوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کە هەموولایەنەکانی پێکهێنەری حکوومەت بەشداربوون بۆ بەغدا و لەوێش لەگەڵ زۆرینەی فراکسیۆنەکان کۆبوونەوە و پشتگیرییان لێکرد هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین ئەم بابەتە بکەینە نیشتمانی و داکۆکی لە مافی خەڵک بکەین و قەوارەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەجەمعی بین، بۆیە پێویستە هەمووان لەگەڵ ڕای جیاواز و کێبڕکێی سیاسی پێکەوە یەکدەنگ بین ئەوکێشەیە بنبربکەین و پشتگیری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بۆ ئەوەی هەر چەند مانگ جارێک سەرهەڵنەداتەوە.
بڵند ئیبراهیم




