بەرهەمی گەورەترین پڕۆژەی ماسی دەکەوێتە بازاڕ

دهۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک ئاشکرایکرد، بەرهەمی گەورەترین پڕۆژەی سامانی ماسی لە پارێزگاکەیان، مانگی داهاتوو دەکەوێتە بازاڕ، کە بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، دەتوانێ بەرهەم بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات و هەناردەی دەرەوەش بکرێت.
ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە پارێزگای دهۆک گەورەترین پڕۆژەی سامانی ماسی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بواری جێبەجێ کردندایە و بڕیارە لە مانگی داهاتوو بەرهەمی ئەو پڕۆژەیە بکەوێتە بازاڕ، کە لە قۆناغی یەکەم، دەتوانن هەزار و200تەن بخەنە بازاڕ و چەند پڕۆژەکە زیاتر تەواوبێت بەرهەمیش زیاتر دەبێت، چونکە ئێستا ئەو بەرهەمە ناوخۆی دهۆکیش پڕناکاتەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە بۆ دهۆک پێویستمان بە 4هەزار و 700تەن ماسی هەیە".
ئەحمەد جەمیل گوتیشی: "ئەو پڕۆژە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و بە تەواوبوونی، دەتوانێ ماسی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دابین بکات و لە داهاتووش هەناردەی دەرەوە بکرێت، لەبەر ئەوەی پڕۆژەکە بە پێشکەوتووترین ئامێری سەردەم جێبەجێ کراوە".
جێی باسە، پڕۆژەی سامانی ماسی لەسەر رووبەری 229دۆنم زەوی درووستکراوە، بە سەرمایەی 10ملیۆن دۆلار و توانای رەخساندنی 500هەلیکاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هەیە، کە لە بەشی هەڵهێنەری ماسی و تاقیگە و حەوزی ماسی خۆڵ و قەفەزی ماسی و کارگەی بەرهەمهێنانی ئالیک پێکدێت.
بڵند ئیبراهیم




